Sarmand Hameed
20 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 20 تشرینی دووەم 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مه‌سرور بارزانی رایگەیاند، هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته پەناگەیەکی سه‌قامگیر له ناوچه‌كه و جەختی لەوەشکردەوە کە به‌رقه‌راركردنی سه‌قامگیریی له هه‌رێمی كوردستان، بێ قوربانیدان نه‌بووه، بۆیه له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ش، پێویسته كار بۆ سه‌قامگیری به‌رده‌وام بكه‌ین.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، مه‌سرور بارزانی کە بەمەستی به‌شداریكردن له دایه‌لۆگی مه‌نامه ٢٠٢١ له بهحرێنە، به‌شداریی له پانێڵێكدا كرد و دووپاتیكرده‌وه، چاکسازی لە هه‌رێمی كوردستان پرۆسەیەکی بەردەوامە و هەموو بوارەکانیش دەگرێتەوە.
له به‌شێكی دیكه‌ی پانێڵه‌كه‌یدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژه‌ی به ئاسایش و سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستان كرد و دووپاتیكرده‌وه، هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته پەناگەیەکی سه‌قامگیر له ناوچه‌كه‌دا، به‌ڵام وه‌ك جه‌ختی كرده‌وه، به‌رقه‌راركردنی سه‌قامگیریی له هه‌رێمی كوردستان، بێ قوربانیدان نه‌بووه، بۆیه له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ش، پێویسته كار بۆ سه‌قامگیری به‌رده‌وام بكه‌ین.
مەسرور بارزانی هه‌روه‌ها گوتی: "له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێویستیمان به میکانیزم و سیستەمێکی نوێی ئاسایشه، پێویسته وڵاتانی ناوچه‌كه له‌نێو ئەو سیستەمە نوێیەی ئاسایش‌دا بن له ناویشیاندا ئێران" و گوتیشی: "نه‌بوونی دادپه‌روه‌ریی و سه‌قامگیریی ئابووری، هۆكاری به‌رده‌وامبوونی هەڕەشە و مه‌ترسییه‌كانی داعش و تیرۆرن بە گشتی".
سه‌باره‌ت به پرسی كۆچكردنیش، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان روونیكرده‌وه، كۆچكردن دیارده‌یه‌كی جیهانییه و له هه‌موو شوێنێك هه‌یه، به‌ڵام تۆڕی بازرگانانی مرۆڤ و هەندێک لایەنیش بۆ مه‌رامی سیاسی، بارزگانیان به هاووڵاتییانی ئێمه كرد و جه‌ختی كرده‌وه کە ئەوانەی کۆچیان کردووە بە رێگەیەکی یاسایی و بە ڤیزا چوونەتە بێلاڕووس و لە بەر نەبوونی ئاسایش یان لە برسان کۆچیان نەکردووە.
مه‌ترسی و كاریگه‌رییه‌كانی گۆڕانكاریی له كه‌شوهه‌وای زه‌وی، به‌شێكی دیكه‌ی پانێڵه‌كه‌ی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردسان بوو، له‌و باره‌یه‌وه مەسرور بارزانی گوتی: "گۆڕانكاری كه‌شوهه‌وا له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ست پێ كردووه".
مه‌سرور بارزانی له به‌رده‌وامی گوته‌كانیدا تیشكی خسته سه‌ر دۆخی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان له چه‌ند ساڵی رابردوو و پرسه داراییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و گوتی: "له چه‌ند ساڵی رابردوودا ته‌نیا بە لە سەدا پێنجی بوودجه‌ی عێراق پرۆژه‌کانی کوردستان‌مان ئەنجام داوە، به‌ڵام پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه لە سەدای ٩٥ی بوودجه‌ی عێراق چی لێهاتووە و له چیدا خه‌رج كراوه؟".
له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان و کوردی سووریا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەوانەی دانوستان لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق دەکەن نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو كوردانی سووریا ناکەن و نابێت به نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو كورد دانوستان له‌گه‌ڵ دیمه‌شق بکەن و دووپاتیكرده‌وه، کە ئەوان پشتیوانیی دیالۆگی كوردی – كوردی ده‌كه‌ن و گوتیشی: "به‌هۆی ده‌ستوه‌ردان و تاکڕەوی په‌كه‌كه‌وە، تا ئێستا گفتوگۆکان هیچ ئەنجامێکی نەبووە".