Uğur Aslanhan,Elif Ferhan Yeşilyurt
19 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 20 تشرینی دووەم 2021
ئیستانبوڵ - AA
سەرۆکی ئەنجوومەنی پەیوەندیيە دەرەکيیەکانی ئابووریی تورکیا (DEIK)، نایل ئۆلپاک رایگەیاند: ''دەمەوێت باس لەوە بکەم کە داواکاریمان ئەوەیە بۆ جیاکاری ئەرێنی لە هەلومەرجی رکابەریدا زیاتر بەڵێندەرانی تورکیا و کۆمپانیا راوێژکارییەکان بتوانن بەشداری بکەن لە پرۆژەکانی وەک؛ ژێرخانی عێراق، نەخۆشخانە، قوتابخانە و بینای گشتییدا".
کۆڕبەندی کار، وەبەرهێنان و بەڵێندەرایەتی تورکیا-عێراق بە میوانداری وەزارەتی بازرگانی تورکیا و بە سەرپەرشتی ئەنجوومەنی پەیوەندیە دەرەکیيەکانی ئابووریی تورکیا و بە هاوکاری کۆمەڵەی بەڵێندەرانی تورکیا، فیدراسیۆنی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی عێراق سازکرا.
لە میانی کردنەوەی کۆڕبەندەکەدا سەرۆکی DEIK ئۆلپاک باسی لەوە کرد کە ئامانجی سەرەکی کۆڕبەندەکە زیادکردنی نوێیە بۆ وەبەرهێنان و هاریکاری بازرگانی.
ئۆلپاک ئاماژەی بەوە کرد کە قەبارەی بازرگانی لە نێوان هەردوو وڵاتدا نزیکەی ١٧ ملیار دۆلارە و، بەشی تورکیا لە قەبارەی هاوردەی عێراقدا لە سەدا ٢٠ەوە بەرزبووەتەوە بۆ سەدا ٢٧.
هەروەها ئۆلپاک باسی لەوە کرد کە لە ماوەی رابردوودا کەرتەکانی ئاڵتون- خشڵ، پلاستیک و مۆبیلیات هەناردەکردنیان بۆ عێراق پێشەنگ بوون و، رایگەیاند: ''بەڵام تەنیا بیر لەم کەرتانە مەکەنەوە. پێویستە تیشک بخەینە سەر کەرتەکانی دیکەش بەتایبەتی پیشەسازی بەرهەمهێنان".
سەرۆکی فیدراسیۆنی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی عێراق، عەبدولڕەزاق ئەلزەهری ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە تورکیا و عێراق هاریکاری بکەن و کار لەسەر پرسەکانی وەک بەرهەمهێنان و هەناردەکردن بکەن و، رایگەیاند: ''داوای هاریکاری دەکەین لە پێناو بەدەستهێنانی سوود و قازانجی دوولایەنە''.
ئەلزەهاری بە پێویستی زانی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات بە شێوەیەک بەردەوام بێت کە لە زیادبووندا بێت، پێویستە تیشک بخەینە سەر بەرهەمی خۆراک و کشتوکاڵی.
سەرۆکی یەکێتیی بەڵێندەرانی هەرێمی کوردستان، سەرۆ دزەیی ئاماژەی بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان کرد و، رایگەیاند: ''لە هەموو شارەکانماندا پڕۆژەی ستراتیژی گرنگمان هەیە. چاوەڕوانی کۆمپانیا گەورەکانی تورکیا دەکەین بۆ هەرێمەکەمان. کۆمپانیا گەورەکانی تورکیا هەم لە عێراق هەمیش لە هەرێمی کوردستان پرۆژەی زۆر گرنگیان هەیە''.