Zana Natık Kerem
05 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 06 حوزەیران 2023
ھەولێر – AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی سوید لە عێراق، جێسیکا سڤاردسترۆم رایگەیاند کە پێویستە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی خۆی لەمساڵدا ئەنجام بدرێت.
نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە مەسرور بارزانی پێشوازیی کردووە لە باڵیۆزی سوید لە عێراق، جێسیکا سڤاردسترۆم.
راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و برەودان بە پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و سوید.
مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا باسی لە رێکەوتنەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیی کردووە، جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە گرنگە رێز لە رێککەوتننەکانی نێوان ھەردوولادا بگیرێت، هەروەها پێویستە ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان دابین بکرێت.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، دۆخی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و گرنگیی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خراونەتە بەرباس و لەوبارەیەوە مەسرور بارزانی دووپاتی کردووەتەوە کە پێویستە ھەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆی لەمساڵدا بکرێت .
لای خۆیەوە باڵیۆزی سوید لە عێراق، جێسیکا سڤاردسترۆم ئاماژەی بەوەداوە کە سەرەڕای گرفت و ئاستەنگەکان، بەڵام پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باشترکردنی دۆخی ئافرەتانی کوردستان و گرنگی رەخساندنی دەرفەتی یەکسان لە بەردەم ئافرەتان لە کایە جۆراجۆرەکاندا، تاوتوێکراوە.