Rewa Mahmood Hasan
14 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 15 تشرینی دووەم 2021
سلێمانی - AA
ئەمرۆ ١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ و دوای ئەوەی رۆژی رابردوو گەیشتەوە شاری سلێمانی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی یەکێتی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بەست و تێیدا بەوردی باسی لە ژەهرخواردکردن و چۆنیەتی ئاشکراکردنی پرسەکە کرد.
سەرەتا مەلا بەختیار باسی لە کۆچبەرەکانی سەر سنووری بیلاڕووس کرد و هاوخەمی بۆ دۆخی ناهەمواری ئەوان دەربڕی و ئاشکرای کرد کە بەداخەوە ئەوانە لەبەر ژیانێکی ناخۆش لە کوردستانەوە کۆچ دەکەن و گوتی: ''هاوسۆزی خۆم بۆ ئەو هەموو کورد و غەیرە کوردانەی لە سنوورەکانی بێلاڕووس و پۆڵۆنیا لەم سەرما و سۆڵەیە ژیانێکی سەخت بەسەر دەبەن، بەداخەوە لەبەر ژیانێکی ناخۆش لە کوردستانەوە کۆچ دەکەن. بەداخەوە تاوەکو ئێستا یەکێتیی ئەورووپا لە دەردەسەری گەلانی وەکو ئێمە تێناگات، لەباتی ئەوەی دەرگاکان بکەنەوە، وڵاتێکی وەکو پۆڵۆنیا ٤٠ هەزار سەربازی ناردووە، دیوارێکی پۆڵایینی مرۆییان دروستکردووە کە ژنی سکپڕ و منداڵ و خەڵکی ئەم وڵاتانە نەتوانن بچن هیچ نەبێ نەوایەک بدۆزنەوە تێیدا بە ئاسوودەیی بژین".
دواتر مەلا بەختیار هاتە سەر باسی پرسی ژەهر خوارکردنەکەی و سەرەتای چیرۆکەکەی بەم شێوەیە گێڕایەوە ''بەڵێ من، بەبێ ئەملا و ئەولا دەیڵێم، لەناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ژەهرخواردکراوم. دوو سێ مانگیش پێش هەشتی تەمووز ئەم تاوانە بەرامبەر بە من ئەنجامدراوە. زانیاریم بۆ هاتووە کە لە زانیارییەوە ئەم کارە بەرامبەر بە من کراوە. وەنەبێ بڵێم سەرئەنجامی پشکنین ئەمەم بۆ دەرکەوتبێ، سەرەنجامی پەرۆشی ئەو کەسانەی پەرۆشی خەڵکی وەکو ئێمەن، دزەیان بە زانیارییەکە کرد "، مەلا بەختیار فریای خۆت بکەوە"، هەفتەیەک دوای ئەوە، دیسان ئەو سەرچاوەیە بە منی گوت: بەڵکو بە وەستا حەسەن-یش بڵێی ئاگای لە خۆی بێت".
لەدرێژەی باس کردنیدا بۆ پرسی ژەهرخواردنەکەی و بەدواداچوونەکانی و چۆنیەتی ئاشکرا کردنی، مەلا بەختیار گوتی: "من چیمکرد؟ خەبەرەکم پێگەیشت نەمکرد بە هەڵا. بە ئارامی جگە لە کەسوکار و چەند هاوڕێیەکی خۆم نەبێ، بە کەسم نەگوت. وا پێویستبوو کە دەبێت بڕۆم پشکنین بکەم، پێش ئەوەی بە هەڤاڵ بافڵ بڵێم، پێش ئەوەی بە زانیاریی بڵێم، پێش ئەوەی بە بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی کوردستان بڵێم، کە ئەمە جیهاتی مەعنی منن، ئەبێ یەکەمین لایەن بەمانە بڵێم، لێکۆڵینەوەی تێدا بکەن. ئەوەشم نەکرد. چوومە عەممان بۆ نەخۆشخانەی خالیدییە. سەرگوزەشتەکەم گێڕایەوە کە جەلالەتی مەلیک هاتە سەر هێڵ کە ئەنجامی پشکنینەکەم دەرکەوت "بەڵێ تۆ بەم دەرمانانە ژەهرخوارد کراوی" دەستبەجێ ئەنجامی پشکنینەکەم ناردووە بۆ هەڤاڵ بافڵ، زانیاری و دکتۆر خەسرەو، هاوشار و هاوڕێی ئازیزم، بۆ مێژوو گوتوومە لەوانەیە من ژیان دەرنەبەم لەم ماوەیە، بەڵام با ئەمەتان لابێ کە من ئەمە حاڵمە. هاتمەوە بۆ سلێمانی، دوو جار هەڤاڵ بافڵم بینی، خۆی عەزێتی کێشا هات بۆ لام، جارێکیان بەرپرسی زانیارییم بینی لەسەر وردەکارییەکان قسەمان کرد. چووم بۆ ئەڵمانیا، بە زمانی ئەڵمانی و ئینگلیزی راپۆرتی ژەهرخوارکردنی منە لە یەکەمین چرکەساتی چوونە ناو نەخۆشخانەی ڤیڤانتس لە ئەڵمانیا، کە باشترین نەخۆشخانەیە لە ئەڵمانیا و دووەم یان سێیەم نەخۆشخانەی جیهانە، بەشی تایبەتییان بۆ ئەم کارە (ژەهرخواردکردن) هەیە، پۆلیس و پۆلیسی تاوان لێکۆڵینەوەیان لە ژەهرخواردنەکەم کردووە و وەڵامی هەموویان هاتووەتەوە کە دواتر بە ئینگلیزی و کوردیش بڵاوی دەکەینەوە".
لەبارەی هۆکاری ژەهرخواردکردنەکەی و پەیوەندی بە کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتیشەوە، مەلا بەختیار گوتی: ''من هیچ گومانێکم لە خۆم شک نەدەبرد کە هۆکارێک هەبێت تاوانێکی لەو جۆرە بەرامبەر بە من بکرێت. بڕوابکەن سێ هەفتە ئەوا زانیارییەی کە پێم گەیشت فەرامۆشم کرد، لێکم دەدایەوە، بۆ؟ هۆکار؟ چیم کردووە؟ لە کۆنگرە بێدەنگبووم، دەسەڵاتم هەمووی دایەوە، وازم لە هەموو دەسەڵاتێک هێنا، بۆ ئەوەی یەکێتی تووشی هیچ قەیرانێک نەبێ بەهۆی ئێمەمانانەوە گوتمان کاکە ئێمە دوور ئەکەوینەوە، ئەنجوومەنی باڵامان هەڵبژارد بۆ ئەوەی ئەوەندەی بتوانین لە ئەنجوومەنی باڵاوە بە ئارامی خزمەت بکەین. دەسەڵاتی پارە، هێز، حیزبی، پلە بەخشینەوە، بازاڕ، پەیوەندییەکان، رێکخراوەکان و راگەیاندنەکان هەموویمان بەجێهێشتووە. گوتمان ئەوان دەڵێن،' ئێمە نەوەی نوێین و یەکێتی نوێ دەکەینەوە'، گوتمان 'با تاقیبکەینەوە'. ئەنجوومەنی باڵا شاهێدە من یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵا گوتوومە، نابێ بەهیچ شێوەیەک کارێک بکەین ئەو برادەرانە نیگەران بکەین، ئەگەر سەرکەوتووبن شانازییان پێوە بکەین، ئەگەریش سەرکەوتوو نەبوون، دوای ساڵێک یان ساڵ و نیوێک دەردەکەوێت، ئەوکاتە ئێمەش دەتوانین بەجۆرێکی دیکە بێینەوە مەیدان و خاوەندارێتیی یەکێتی بکەینەوە. با پەلە نەکەین، با شانسێک بدەین بەم هەڤاڵانە، شانسەکەمان لە رادە بەدەر پێدان".
ئەو ئەندامە ژەهر خواردکراوەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی یەکێتی لەبارەی دۆخی ناوخۆی یەکێتی گوتی: ''نەک ئەمەی بەرامبەر بە من کراوە، ئەوەی بەسەر یەکێتی هێنراوە لە ژەهرخواردن خەتەرترە. خەتەرەکە لە چیدایە؟ خەتەر لەوەدا نییە یەکێتی لە رووی سەربازییەوە شکابێ، خەتەر لەوەدا نییە یەکێتی دەوڵەتێکی ئیقلیمی موئامەرەی لێدەکا، خەتەر لەوەدا نییە کە ئەمڕۆ و بەیانی خوانەکردە شەڕی ناوخۆ دەستپێبکاتەوە، خەتەر لەوەدایە کە یەم سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسییەی یەکێتی لە دوای کۆنگرەی چوار، متمانەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیان دابەزاند، متمانەی رای گشتی. ئەمە خەتەرترین ئافاتە تووشی هەر حیزبێک ببێت... نزیکەی ٣٠٠ هەزار دەنگ ئێمە دابەزیوین لە دوا هەڵبژاردن، حیزبایەتی لەنێو یەکێتی پەراوێز خرا، پلە بەخشینەوە بوو بە شتێکی زۆر زۆر تەبیعی کە مەسئوولێک بەپێی زانیارییەکان، ١١ هەزار پلەیان بە ئارەزووی خۆیان بەخشیوەتەوە، بڕۆن سەیری سکرتارییەتەکەی من بکەن. زیاد لە ٢٥٠ فایلی تێدایە کە من مەسئوولی بووم و ئەوکاتە کارگێڕ بووم، کە داوای پلە بەرزکردنەوەیان کردووە، بە هەموویا چوومەتەوە، ئەوەی بە زنجیرەی حیزبایەتی گەشەی نەکردبێت، ئیمزام بۆ پلە بەرزکردنەوەی نەکردووە. لەو ماوەیەی من کارگێڕ بووم، بە هەمووی ٣٠ کەسم بەرز نەکردووەتەوە بۆ مەکتەبەکان. ئەمە خەتەرە بۆ یەکێتی. بۆیە یەکێتی وای لێدێت خەڵک متمانەی لێ دەسێنێتەوە".
سەبارەت بە ئەنجامدەرانی تاوانی ژەهرخواردکردنی خۆی و کەسایەتیە سیاسییەکانی تری ناو یەکێتی، مەلابەختیار گوتی: ''من ناتوانم هیچ کەسێک تاوانبار بکەم، بەڵام داوام وایە لەدوای لێکۆڵینەوە کە بێگومان من پەیگرییەکی قووڵ و ورد و هەمەلایەنەی ئەم کێشەیە دەکەم، هەروەها دەزانم هەڤاڵ بافڵ-یش ئەوە دەکات، وەستا حەسەن-یش ئەوە دەکات. بەڵام لەوە دڵنیاتان دەکەمەوە کە دەستبەرداری ئەم مافەی خۆم نابم. نەک لەبەرئەوەی تاوانێک بەرامبەر بە خۆم کراوە، نا. من دەرگای لێبووردنم کراوەیە هەمیشە. ئێستا ئەو تاوانبارە خۆی بێت بۆ لای من و بڵێ: من ئەم کارەم کردووە. بەڵێنبێ لەبەرچاوی هەمووتان لێی خۆشبم".
لە بەشێکی تری قسەکانیدا مەلابەختیار گوتی: ''هەر کەسێک ئەم تاوانەی کردبێ، من بەڵێن دەدەم بە گۆڕی مام جەلال، بابێت بۆ لای من یان کاک بافڵ یان مەکتەبی سیاسیی، بڵێ، پێمکراوە. بەڵێنی شەرەف دەدەم، نەک خۆم، ناهێڵم یەکێتیش هیچی لێ بکات. ئومێدەوارم توانیبێتم چوارچێوەیەکی روون بەئێوە بدەم".