Sarmand Hameed
05 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2021
هەولێر - AA
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ھەرێمی کوردستان، نیاز شێخ راغب نەقشبەندی ئاشكرای كرد، لەگەڵ دەست پێ کردنەوەی گەشتەکانی عومرە لە ھەرێمی کوردستانەوە بۆ سعوودیە، نرخی ھەر گهشتێكی عومره بۆ ههر عومرهكارێك نزیکەی ھەزار و ٥٠٠ دۆلاری ئەمریکی بوو، بەڵام لە ئێستادا لە بەشێکی بەرچاوی کۆمپانیاکان نرخی گهشتی عومرە بۆ ھەزار دۆلار کەم کراوەتەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ھەرێمی کوردستان، نیاز شێخ راغب نەقشبەندی رایگەیاندووە: "لەچوارچێوەی پلانێکی گونجاوی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرە بە گرتنەبەری چەند رێکارێک و پەیوەندییان لەگەڵ دەستەی باڵای حەجی عێراقی و کۆمپانیا فرۆکەوانی عێراقی ھەروەھا ھەماھەنگی لەگەڵ کۆمپانیاکانی تایبەت بەگواستنەوەی عومرەکاران، لە ھەنگاوی یەکەمدا توانرا نرخی عومرە لە بەشێکی کۆمپانیاکان دابشکێندرێت".
نیاز شێخ راغب نەقشبەندی ههروهها رایگەیاندووه: "لەگەڵ دەست پێ کردنەوەی گەشتەکانی عومرە لە ھەرێمی کوردستانەوە بۆ سعوودیە، نرخی ھەر گهشتێكی عومره بۆ ههر عومرهكارێك نزیکەی ھەزار و ٥٠٠ دۆلاری ئەمریکی بوو، بەڵام لە ئێستادا لە بەشێکی بەرچاوی کۆمپانیاکان نرخی گهشتی عومرە بۆ ھەزار دۆلار کەم کراوەتەوە".
بە گوتەی نیاز شێخ راغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرە بەردەوام دەبێت له گرتنەبەری ھەر رێکار و ھاوکارییەک بۆ کۆمپانیاکان بەتایبەتی ئەوانەی نرخەکانی عومرە لە بەرژەوەندی ھاووڵاتییان و عومرەکاران دادەبەزێنن، بۆ ئەمەش پلانی دیکەیان لەبەر دەستدایە.