Sarmand Hameed
04 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 04 تشرینی دووەم 2021
ههولێر-AA
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند کە رێکاری یاسایی لە دژی ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، عەتا سەراوی دەگرنەبەر لە بەرامەبەر ئەو تۆمەتانەی کە ناوبراو ئاراستەی مەسرور بارزانی کردووە.
نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت: " کەسێک بەناوی عەتا سەراوی کە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتییە، لە چاوپێکەوتنێکدا بە شێوازێکی ناڕێک و ئاست نزم، کۆمەڵێک تۆمەتی بێ بنەما و قسەی هەڵبەستراوی ئاراستەی جەنابی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە".
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا هاتووە: "هەرچەند ئەو کابرایە، خۆی ماوەیەک لە مەوبەر بە ئاشکرا رایگەیاند کە لە لایەن هاوسەرۆکێکی پێشووی یەکێتی، هەڕەشەی تیرۆرکردنی لێکراوە، کەچی دەیەوێت بەو تۆمەتانە، بابەتی ژەهردەرخوارددانی سەرکردەکانی حزبەکەی لە بیر خەڵک بباتەوە".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە کە، "لە بەرامبەر تۆمەتە بێ بنەماکانی، رێکاری یاسایی دەگرینەبەر و دەبێ لە بەردەم دادگادا باجی قسە هەڵبەستراوەکانی بدات".
شەوی رابردوو، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، عەتا سەراوی لە دیمانەیەکی تەلەڤیزیۆنییدا تۆمەتی ئەوەی خستەپاڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند کە لە رێگەی کەسی سێیەم و بە فەرمانی مەسرور بارزانی ژەهرخوارد کراوە.