Sarmand Hameed
23 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 23 نیسان 2022
هەولێر - AA
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، هۆشیار زێباری رایگەیاند، "ئەوەی لە شنگال روودەدات کارەساتە و هێزە عێراقییەکان ناتوانن رێککەوتننامەی شنگال جێبەجێ بکەن".
هۆشیار زێباری لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی رەوشی شنگال، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە.
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، هۆشیار زێباری لە پەیامەکەی ئاماژەی بەوە کردووە کە "ئەوەی لە شنگال روودەدات کارەساتە! هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و تیرۆریستانی یەپەشە لە ئێزدییەکانی ناوچەکە لە شنگال حوکم دەکەن".
هۆشیار زێباری ئاشکرای کردووە کە "پەکەکە و یەپەشە لە رووی سیاسی و داراییەوە لەلایەن سەرۆکایەتی دەستەی حەشدی شەعبی بە سەرۆکایەتیی فالح فەیازەوە پشتیوانی دەکرێن".
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە کە هێزە عێراقییەکان ناتوانن رێککەوتننامەی شنگال جێبەجێ بکەن و ئاوارەکان بگەڕێننەوە.
لە بارەی رووداوەکانی چەند رۆژی رابردوو کە رووبەڕووبوونەوەی لە نێوان تیرۆریستانی پەکەکە و سوپای عێراق لە شنگال روویدا و و دەگوترێت چەکدارانی پەکەکە چەند سەربازێکی سوپای عێراقیان دەستگیرکردووە، هۆشیار زێباری لەمبارەیەوە نووسیوویەتی "چ شەرمێکە دانوستان لەسەر ئازادکردنی سەربازەکان بکەن؟!".
لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا، رێککەوتننامەی شنگال لە نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان واژووکرا بەمەبەستی ئاساییکردنەوەی رەوشی شنگال و دەرکردنی سەرجەم گرووپە چەکدارەکان و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، بەڵام بەهۆی بوونی چەکدارانی پەکەکە و گرووپە نایاساییەکانی دیکە لە شارۆچکەکەدا، تاوەکو ئێستا رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە.