Rewa Mahmood Hasan
23 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 25 نیسان 2022
سلێمانی - AA
یاری سینی سینیانێ یان سینی و زەرف، لە سنییەک و ١١ زەرف پێکدێت کە موروویەکی بچووک لە یەکێک لە زەرفەکان دەشاردرێتەوە و لەلایەن دوو تیمی سێ کەسییەوە ئەنجام دەدرێت، یاریزان دەتوانێت لە کۆی ١١ زەرف، نۆ دانەی بەتاڵ بکاتەوە و دوو دانەیشی وەک گوڵ لێبدات.
ئەم یارییە لەشارەکانی ھەولێر و کەرکووک مێژوویەکی دوور و درێژی ھەیە بەھۆی کەشێکی تایبەت و بوونی چەندین پێکھاتەیەک تیایدا، ساڵانە لەگەڵ ھاتنی مانگی رەمەزان، یاریزانان ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی یاری سینی سینیانێ دەکەن و چەند یاریزانێک بەشێوەی تیم دابەش دەبن.
ماوەی چەند ساڵێکە ئەم یارییە گواستراوەتەوە بۆ شاری سلێمانی و بەشێک لە هەوادارانی ئەم یارییە شەوانی رەمەزان لە کەشێکی تایبەت بە ئەنجامدانی سینی و زەرف بەسەردەبەن.
ئەحمەد حەسەن هاوڵاتییەکە سەرقاڵی یاری سینی و زەرف بوو لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت: "ئەمە یارییەکە زیاتر خەڵکی کەرکووک لەمانگی رەمەزاندا پێوە سەرقاڵن، ئێستاش گەنجانی سلێمانی و هەولێر پێکەوە کۆدەبنەوە و ئەم یارییە دەکەن، بەڵام بە داخەوە گەنجانی سلێمانی کەمتر گرنگی بەم یارییە دەدەن، یارییەکە پێکهاتووە لە سینییەک و ١١ زەرف کە دوو سێرفت هەیە لەگەڵ دوو گوڵ، کەسەکە ئازادە چۆن بەکاری دەهێنێت، هەندێکجار دەزانی و دەیدۆزێتەوە جاروباریش نازانێت لەکوێدایە و نایدۆزیتەوە وەک ئەو برادەرانەی بەرامبەرم''.
خاوەنی کافتریاکە کە هەموو ساڵێک یاری سینی و زەرف دەهێنێتە سلێمانی، بەناوی پێشکەوت عومەر بەم شێوەیە باس لە یارییەکە دەکات: "پێشتر ئەم یارییە زۆر کراوە، یاریەکی کولتووییە کە بیرۆکەکەی لە کڵاو کڵاوێنەوە هاتووە، دواتر پەرەی پێدراوە بۆ یاری سینی و زەرف، ئەم یارییە پێکدێت لە سینییەک و ١١ زەرف کە زیاتر لە ناوچەکانی گەرمیان کراوە لە شاری هەولێریش هەیە".
سەبارەت بە مێژووی یارییەکە لە شاری سلێمانیدا پێشکەوت گوتی: "ئێمە وەک کۆمەڵێک گەنج، بیرمان لێکردەوە کە ئەم یارییە فۆلکۆرە بگوازینەوە بۆ شاری سلێمانی، ماوەی پێنج ساڵە توانیوومانە جێگایەکی بۆ دروست بکەین، ئەم یارییە بەس لەمانگی رەمەزاندا دەکرێت کە ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە دوای ئەنجامدانی رێوڕەسمە ئاینییەکانی وەک نوێژی تەراویح دێن لێرە ئەم یارییە دەکەن، ئامانجی ئێمە لەم یارییە ئەوە بوو کە بتوانین کولتورەکان تێکەڵ بکەین، هەوڵ بدەین کڵاو کڵاوێنەی یاری سینی و زەرف تێکەڵ بکەین و، ژمارەیەکی زۆری خەڵکیش کۆبکەینەوە و کەشوهەوایەکی گونجاویان بۆ بخوڵقێنین بۆ ئەوەی کاتێکی خۆش بەسەرببەن".
پێشکەوت دەشڵێت: "هەوڵ دەدەین خەڵکی سلێمانی بەم جۆرە یارییانە ئاشنابن بۆ ئەوەی بتوانن ئەوانیش لە رێگای ئەم یارییەوە تێکەڵاویەکی زیاتر و کاتێکی دیاریکراویان هەبێت کە بتوانن لە ساڵەکەدا رووبکەنە ناوچەکانی خۆیان و ساتێکی خۆش بەرێبکەن، هیوادارین لە ساڵانی دیکەدا زیاتر لە سلێمانی پەرەی پێبدرێت".