Hawkar Yaseen
28 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 29 تەمووز 2021
هەولێر - AA
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، قوباد تاڵەبانی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی گرێدا.
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە لە بڕگەی یەکەمدا سەرۆک و جێگری سەرۆکوەزیران تیشکیان خستە سەر هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ رێکخستنەوەی داهاتە ناوخۆییەکان، سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە کە حکوومەتی هەرێم هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ لە پێناو رێکخستنەوەی داهاتی گشتی بە ئامانجی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە کاری هەرە لە پێشینەی حکوومەتە".
دواتریش جێگری سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە مەبەستی سەرەكی لە رێكخستنەوەی داھاتەكان و بەگەڕخستنەوەیان، خزمەتكردنی ھاووڵاتییانە و داواشی لە وەزارەتەكان كرد ھاوكار بن بۆ رێكخستنەوە و سەرخستنی ئەو پڕۆسەیە.
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری تەندروستی ڕاپۆرتێکی دەربارەی دۆخی تەندروستی و زیادبوونی بەرچاوی کەیسەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و بەرزبوونەوەی ژمارەی مردووان بەم پەتایە و رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی تەشەنەکردنی کۆرۆنای خستەڕوو، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی لە جێبەجێکردنی ئەو رێکارە خۆپارێزیانە کردەوە کە لە دوا کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بڕیاریان لەسەر دراوە، بەجۆرێک کە هاوسەنگی نێوان بژێوی و کاری هاووڵاتییان و پاراستنی تەندروستییان رەچاو بکرێت.
بەپێی راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات کە هاوکاری هەرێمی کوردستان بکەن لە دابینکردنی ڤاکسین بۆ دانیشتووانی هەرێم.
لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەشدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیازی کرد کە هەردوو قەزای سۆران و زاخۆ بکرێن بە ئیدارەی سەربەخۆ، سەرۆکی حکوومەت لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەدا کە سۆران و زاخۆ، دوو دەڤەری گەورە و بەرفراوان و گرنگن و بوونیان بە ئیدارەی سەربەخۆ کارئاسانی زۆر بۆ هاووڵاتییانی ئەو دوو دەڤەرە دەکات، دواتریش وەزیری ناوخۆ، رێبەر ئەحمەد باسی لە بنەما یاسایی و کارگێڕییەکانی بوونی هەردوو دەڤەری سۆران و زاخۆ کرد بە ئیدارەی سەربەخۆ، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر دروستکردنی ئیدارەی سەربەخۆ لە سۆران و زاخۆ دا و وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە رێکاری یاسایی و کارگێڕی پێویست بگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران.
بەپێی راگەیەندراوەکە بڕگەی چوارەمی کۆبوونەوەکەش تەرخانکرا بۆ گفتوگۆ دەربارەی دیاردەی هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەدا کە ئەم دیاردەیە زۆر مەترسیدارە و پێویستە بەزووترین کات کۆتایی پێ بهێنرێت و نابێت بە هیچ شێوەیەک رێگەی پێ بدرێت و دەبێت هەڵگرتنی چەک و فرۆشتنی چەک بەپێی مۆڵەت بێت و بە یاسا رێگە پێدراو بێت و لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە تۆمارکراوبن، پاشان وەزیری ناوخۆ پڕۆژە یاسایەکی تایبەتی لەمبارەیەوە خستەڕوو و ئاماژەی بە کۆمەڵێک پێشنیاز کرد بۆ کۆتاییهێنان بەم دیاردە ترسناکە.
لەبڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی راسپارد کە دەست بە ئامادەکاری پێویست بکەن بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ هاووڵاتییان لە وەرزی زستان.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشدا ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاندووە، حکوومەتی هەرێم پێشوازی دەکات لە دەرئەنجامی چوارەمین دایەلۆگی ستراتیجیی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ئاراستەی برەودان بە پەیوەندی هاوبەش لە سەر بنەمای شەراکەتی ستراتیجیی لە سەرجەم ئەو بوارانەی جێگەی بایەخی هەردوولان بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
دوای کۆبوونەوەکەش گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جووتیار عادل دەربارەی دەرئەنجامی کۆبونەوەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی رێکخست و رایگەیاند "سەرۆکی حکوومەت و جێگری سەرۆکی حکوومەت زۆر جددین لەسەر رێکخستنەوە و کۆکردنەوەی داهاتەکان و لە کۆبوونەوەکەدا، جەختیان لەسەر هەوڵەکانی حکوومەت کردەوە بۆ رێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆ، بە ئاراستەیەک کە لە خزمەتی زیادکردنی داهاتی گشتی بێت بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە ئەمە کاری هەرە لە پێشینەی حکوومەتە".
جووتیار عادل دەربارەی ئەوەی عێراق لە ناردنی ٢٠٠ ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت یان تەنیا بۆ ئەم جارە بوو، گوتی: "ئێمە هەنگاوی باشمان ناوە لە گفتوگۆکان لەبارەی ناردنی ٢٠٠ ملیار دینارەکە و هیوادارین ناردنی ئەو بڕە پارە بەردەوام بێت".
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەکەدا وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە دەگوترێت هەڵگرتنی لێبڕینی مووچە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە و رایگەیاند " حکوومەت حزب نییە تاوەکو پرۆپاگەندە بۆ خۆی بکات، بۆیە ئەم بڕیارە هیچ پەیوەندیی بە هەڵبژاردنەکانەوە نییە".
جووتیار عادل لەبارەی دابینکردنی ڤاکسینەوە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئێستا ٤٠٠ هەزار ڤاکسینمان لەبەردەستدایە و چاوەڕێ دەکەین بڕی زیاتریشمان بەدەست بگات و لە کۆبوونەوەکەشدا، حکوومەت بڕیاری دا داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بکات کە هاوکاری هەرێمی کوردستان بکەن لە دابینکردنی ڤاکسیندا".
گوتیشی: "بەداخەوە ئێمە وەک حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانین راستەوخۆ لەگەڵ کۆمپانیاکانی دابینکەری ڤاکسین گفتوگۆ بکەین و ڤاکسینیان لێبکڕین، بۆیە دەبێت ئەو رێکارە تەنیا لەڕێگای حکوومەتی عێراقەوە بێت".