Dlshad Saifaalddin Ahmed
09 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 10 حوزەیران 2019
ھەڵەبجە ـ AA
سابیر شاسواری، تەمەنی ٥٠ ساڵە و دانیشتووی شاری جوانڕۆیە لە پارێزگای کرماشان رۆژئاوای ئێران، ئەو بۆ پەیداکردنی بژێوی خێزانەکەی و بە ھۆی خراپی دۆخی ئابووری وڵاتەکەیەوە سنووری بڕیووە و ھاتووەتە ھەرێمی کوردستان و سەرقاڵی کارکردنە وەک شۆفێری دەڕاسە لە سنووری ھەڵەبجە و دەورووبەری.
لەئێستادا وەرزی دروێنەکردنی گەنم و جۆیە لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و جووتیاران سەرقاڵی چنینەوەی بەرھەمی دانەوێڵەکانیانن.
سابیر شاسواری لە میانی کارکردنی لە گوندێکی نزیک شاری ھەڵەبجە، سەرەڕای سەختی کارەکەی و گەرمی کەشوھەوا و دەنگی بەرزی دەڕاسەکەی و تەپوتۆزی کای ھاڕراوی نێو دەڕاسەکەوە، بەڵام لە سۆزی دەروونەوە گۆرانی دەچڕێت.
ئەو لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من خاوەنی ماڵ و منداڵم و بۆ کارکردن ھاتوومەتە ئێرە، کاری شۆفێری دەڕاسە دەکەم بۆ دروێنەکردنی گەنم و جۆ، لەگەڵ کارەکەشمدا زۆربەی کات گۆرانی گۆرانیبێژە ناودارەکانی کورد لەبەر خۆمەوە دەڵێم و بە گۆرانی گوتنەوە کارەکەم بەڕێدەکەم".
شاسواری ھەروەھا گوتی: "گۆرانی گوتنەکەم سۆزێکە لە دەروونمەوە دێت لە دووری خێزان و ماڵ و منداڵەکانم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بۆ خۆشم دەنگم خۆشە و لە منداڵییەوە بۆ خۆم گۆرانی دەڵێم".