Rewa Mahmood Hasan
17 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 18 ئاب 2020
سلێمانی-AA
ماوەیەکە پێشنیازەیاسای رێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە کۆی ٥٣ واژوو خراوەتە ئەجیندای کۆبوونەوەکانی پەرلەمانەوە و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، بڕیارە لە دانیشتنی دووەمدا، مشتومڕ لەسەر خاڵەکانی بکرێت و دواتر بخرێتە دەنگدانەوە.
ئاژانسی ئانادۆڵو بۆ گەنگەشە و شەنوکەو کردنی پێشنیازە یاساکە، هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ ئەندامی لیژنەی رۆشنبیری و کۆمەڵگای مەدەنی وەرزش و لاوان و میدیاکاران لە پەرلەمانی کوردستان، مەم بورهان قانع ئەنجام دا و وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
مەم بورهان قانع سەبارەت بە ناوەڕۆکی ماددەکانی پێشنیازە یاساکە گوتی:
''پێشنیازەیاسای رێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنی لە هەرێمی کوردستان لە ٢٢ ماددە پێکهاتووە، ماددەکان دابەش بوون بەسەر ئەرک و مافەکانی میدیای ئەلیکترۆنیدا، هاوکات پێناسە و چەمکەکانی میدیای ئەلیکترۆنی لەخۆگرتووە بە واتای ئەوەی کە ئێمە مەبەستمان چییە لەو جۆرە میدیایە لە سۆشیال میدیا، ئامانجیش لێی رێکخستنی کاری میدیاییە، وەک چۆن یاسای رۆژنامەگەری کە لە ٢٠٠٧ پەسەند کراو لە ٢٠٠٨دا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە، ئێمە تا ئێستا یاسای میدیامان نییە لە هەرێمی کوردستان، ئەم یاسایەیش بۆ رێکخستنی ئەرکەکانی میدیای ئەلیکترۆنیە، بۆ نموونە یەکێک لە مافەکانی دیاری کراوە تیایدا، کەسێک لە میدیای ئەلیکترۆنیدا هەمان ئەو مافانەی هەیە کە فەرمانبەرێکی میری هەیەتی، هاوکات بەهیچ شێوەیەک سزای زیندانییکردنی هەتاهەتایی و سێدارە و ئەم جۆرە سزا قورسانەی تیادا نییە، بەهیچ شێوەیەک بۆ سەعاتێک دەستبەسەرکردن ناوی نەهاتووە لەم یاسایەدا بۆ میدیاکاران و کەسانی نێو سۆشیال میدیا، تەنانەت ئەوانەیش کە هەڕەشە دەکەن و جوێن دەدەن، لەکاتێکدا بەهۆی خراپ بەکارهێنانی هۆکارەکانی پەیوەندیکردن لە شەش مانگ بۆ ساڵێک زیندانی کردنی تیادایە، ئەم یاسایە تەنها سزادانی ماددی تیادایە کە ئەویش کەمترە لەو سزایانەی لە یاسای رۆژنامەگەریدا هەیە، بۆ نموونە لە ماددەی ٣٥ی یاسای رۆژنامەگەریدا سزاکانی بە شێوەیەک رێکخستووە کە لە یەک ملیۆنەوە بۆ پێنج ملیۆن دەگرێتەوە بۆ رۆژنامەنووسەکە، پێنج ملیۆن بۆ ٢٠ ملیۆن بۆ دامەزراوەکە هەیە، بەڵام لەنێو ئەم پێشنیازەیاسایەدا، تەنها یەک سزای ماددی هەیە، ئەویش لە ٣٠٠ هەزار بۆ ٥٠٠ هەزارە، ئەوەی تر لە یەک ملیۆن بۆ پێنج ملیۆنە کە دەکەوێتە سەرخەمڵاندنی دادوەر".
- ''هەوڵ دەدەین حورمەت بگەڕێتەوە بۆ نووسین''
پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی کوردستان، مەم بورهان قانع سەبارەت بەوەی کە ئایا یاساکان لە کاتی دەرچوواندنیدا دەکرێت رێگری بکات لە سووکایەتیکردن و جوێندان کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بەربڵاوە؟ گوتی: "بەداخەوە ئەو پۆپۆلیستیەی لەنێو سۆشیال میدیادا هەیە بە جوێندان و سووکایەتیکردنەوە لە هیچ شوێنێکی تر نییە، بۆ نموونە هەژمارێکی فەیسبووکت پێ بڵێم لەگەڵ سایتێکدا، ئەگەر سایتەکە هەواڵێک بڵاو بکاتەوە رەنگە لە باشترین حاڵەتدا خوێنەرەکانی نەگاتە ١٠ هەزار کەس، بەڵام لە هەژمارێکی فەیسبووک ٣٠٠ هەزار شوێنکەوتووت هەیە، دواتر بە بڕێک پارەی وەک ٢٠٠ دۆلار سپۆنسەری دەکەیت، خوێنەر و بینەری دەگاتە یەک ملیۆن بۆ دوو ملیۆن کەس، ئەمە کامیان کاریگەری بەسەر رای گشتییەوە هەیە؟ بۆ هەموو ئەو راپۆرتە هەڵبەستراو و نادروستەیە کە هەیە لە سۆشیال میدیا، یان ئەو جوێندانەی هەیە، ئەمە حزبی کوردی ئەم ئاوەی رشتووە، ئەم کاریگەرییەی ئەو پەیجە ساختەیەی هەیە لە کوردستاندا جوێن دەدەن، ئەمە لە ئەمریکایش ناتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت، ئەوەتا (سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد) ترەمپ داد و بێ دادێتی بەدەست ئەو پرسەوە، زۆر لە وڵاتانی تر پێیان کۆنترۆڵ ناکرێت، بەڵام بەپێی ئەم یاسایە هەوڵ دەدەین کە حورمەت بگەڕێتەوە بۆ نووسین".
- ''ژمارەیەک کەناڵ بۆ مەرامی سیاسیی دژبە دەرچوواندنی یاساکەن و هەوڵی بەلارێدا بردنی رای گشتیی دەدەن بۆیە دژین''
مەم بورهان قانع باس لەوە دەکات کە بەپێی ئەم پێشنیازەیاسایە دەتوانرێت، چۆن کەسێک ئەگەر ناوی زڕابوو بەهۆی هەواڵێکەوە دەتوانێت بچێت سکاڵا تۆمار بکات لە دادگا بەپێی یاسای رۆژنامەگەری، ئەم پۆستەی کە بڵاو دەکرێتەوە و دەچێتە بواری ناوزڕاندنەوە لە سۆشیال میدیا، دەتوانیت پۆستەکە کۆپی بکەیت و بیبەیتە دادگا و سکاڵا تۆمار بکەیت. ئەو کاتە بەپێی دادگاییکردنەکە دەبێت قەرەبوو بکرێتەوە کە بەداخەوە ئێستا قەرەبوو کردنەوەی تیادا نییە".
پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی کوردستان، مەم بورهان قانع سەبارەت بە هەندێک لایەن کە دژبە پێشنیازەیاساکە وەستاونەتەوە گوتی: "بەداخەوە ئەجیندای سیاسییی تێکەڵ کراوە لەلایەن هەندێک لە میدیاکاران باس لە سێدارەدان دەکەن، بەهیچ شێوەیەک پرسی لەسێدارەدان لە یاساکەدا نییە، زۆربەیان نەیانخوێندۆتەوە، دژی وەستاونەتەوە، کێشەکە ئەوەیە کە ناتوانیت تاک بەتاکی هاووڵاتییان تێ بگەیەنیت".