02 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 02 حوزەیران 2020
کەرکووک - AA
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند کە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە میانی بەشداریکردنیان لە قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەکانی عێراقدا، دوو تیرۆریستیان لە باشووری رۆژهەڵاتی کەرکووک کوشتووە.
شانەی ناوبراو لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، هێزەکانی لیوای ٢٢ی سەربە حەشدی شەعبی لە قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەکانی عێراق کە بەیانی ئەمڕۆ لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە پێنج میحوەری کەرکووک ئەنجام دەدرێت، بەشداری دەکەن.
بەپێی راگەیەندراوەکە هێزەکانی لیوای ٢٢ی حەشدی شەعبی لە میانی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەکانی عێراق، دوو تیرۆریستیان لە باشووری رۆژهەڵاتی کەرکووک کوشتووە.
ئاماژە بەوەیشدراوە کە ئەو هێزەکانی حەشدی شەعبی هەر لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، سێ حەشارگە و ژمارەیەک تونێلی تیرۆریستانیان لە دۆڵی شای باشووری رۆژئاوای کەرکووک خاپوورکردووە.
ماوەی یەک هەفتەیە ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەنجامدانی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەکانی عێراق لە پێنج میحوەری کەرکووک و بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، ئۆپەراسیۆنەکە بەئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکە دەستی پێ کرد.
ئەم ئۆپەراسیۆنە لە پێنج میحوەرە دەستی پێکردووە کە لە میحوەری یەکەم، هێزەکانی زرێپۆش و لیوای کۆماندۆی سەربە ئۆپەراسیۆنەکانی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا و لە میحوەری دووەم، هێزەکانی فیرقەی پێنجی پۆلیسی فیدرال و لە میحوەری سێیەم، هێزەکانی هەردوو لیوای سێ و چواری سوات و لە میحوەری چوارەم، هێزەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەڵاحەددین و هێزەکانی سوات سەربە فەرماندیی پۆلیسی سەڵاحەددین و لە میحوەری پێنجەم، هێزەکانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی باکووری حەشدی شەعبی تیایدا بەشدارن.
ئامانج لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكەش، دەستگیركردنی كەسانی داواكراو، هەروەها راوەدوونانی تیرۆریستانی داعشە، بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە پتەوتر بێت.
بەیانی ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی بە ئامانجی سەرپەشتیکردنی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی پاڵەوانەکانی عێراق گەیشتبووە پارێزگای کەرکووک.
ئەم ئۆپەراسیۆنەش دوای ئەوە ئەنجامدراوە كە لە میانی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا لە ئاكامی هێرشیکی تیرۆریستانی داعش بۆسەر خاڵێکی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای دیالە، چوار چەكداری حەشدی شەعبی كوژران و شەشی دیکەیش برینداربوون.