Sarmand Hameed
28 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 29 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە پەیامێکی پیرۆزباییدا کە بەبۆنەی رۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، حەزرەتی محەمەد ئاراستەی موسڵمانانی ھەرێمی کوردستان و جیھان کردووە، رایگەیاندووە، "ئەمڕۆ لە ھەموو کاتێک زیاتر، پێویستیمان بە ئاشتەوایی و لێبووردەیی و پاراستنی بەھا بەرزەکانی مرۆڤایەتیی ھەیە، کە ھەڵقوڵاوی پەیامی پیرۆزی خوای میھرەبانە".
لە پەیامەکەی مەسرور بارزانی ھاتووە: "بە بۆنەی رۆژی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام حەزرەتی محەمەد (د.خ)، گەرمترین پیرۆزبایی لە موسڵمانانی کوردستان و جیھان دەکەم. ھیوادارم یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری خوشەویستمان ببێتە مایەی خێر و خۆشی و ئارامیی و قوڵبوونەوەی گیانی خۆشەویستی لە نێوان تەواوی گەلان و پەیڕەوانی ئایین و ئایینزا جیاوازەکان".
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "ئەمڕۆ لە ھەموو کاتێک زیاتر، پێویستیمان بە ئاشتەوایی و لێبووردەیی و پاراستنی بەھا بەرزەکانی مرۆڤایەتیی ھەیە، کە ھەڵقوڵاوی پەیامی پیرۆزی خوای میھرەبانە، ئومێدەوام ئەم بۆنە پیرۆزە، زیاتر ھاندەرمان بێت بۆ قووڵکردنەوەی کولتووری بەیەکەوەژیان و تەبایی لە ھەرێمی کوردستان و جیھاندا".