Zana Natık Kerem
05 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 05 شوبات 2023
هەولێر - AA
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند کە هەر چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق کۆبوونەتەوە و لە میانیدا رەوشی ئابووریی ئەو وڵاتەیان تاوتوێ کردووە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە سەرۆکوەزیران محەمەد شیاع سوودانی لە کۆشکی حکوومی لەبەغدا لەگەڵ سەرکۆمار، عەبدولـلەتیف رەشید و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی، فایەق زێدان کۆبووەتەوە.
راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسی، ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها چەندین پرسی گرنگ و هەنووکەیی کە رەنگدانەوەیان لەسەر دۆخی وڵات هەبووە، تاوتوێ کراون.
باسی لەوەش کردووە کە محەمەد شیاع سوودانی ئاماژەی بە جێبەجێکردنی کارنامەی حکوومەت کردووە لەپێناو جێبەجێکردنی خواست و پێویستییەکانی گەلی عێراق و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە گرنگترین ئاڵنگارییە ئابوورییەکان کراوە، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی و قووتی رۆژانەی چینی هەژاران و قەرەبووکردنەوە و فەراهەمکردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆیان.
ئەمەیش لە کاتێکدایە لە میانی چەند رۆژی رابردوودا لە بازاڕەکانی عێراقدا، نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەربە دیناری عێراقی، ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار کرد، بە جۆرێک ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی تا ئاستی ١٧٧ هەزار دینار مامەڵەی پێوە کرا.