Zana Natık Kerem
30 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 30 ئاب 2022
ھەولێر ــ AA
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند کە چوار مووشەک ئاراستەی ناوچەی سەوز کراون.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی بڵاوی کردەوە کە چوار مووشەک ئاراستەی ناوچەی سەوز کراون و لە کۆمەڵگایەکی نیشتەجێبوون کەوتوونەتە خوارەوە.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکان لە ناوچەی سەوز، زیانیان لێکەوتووە.
باسی لەوەش کردووە کە مووشەکەکان لە ناوچەکانی حەبیبییە و بەلەدیات رۆژھەڵاتی بەغداوە، ئاراستەی ناوچەی سەوزکراون.
ــ ھێشتا پێکھەڵپڕژان لەنێوان لایەنە ناکۆکەکان لە بەغدا بەردەوامە
دوای ئەوەی دوێنێ دووشەممە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٢ سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر وازھێنانی یەکجاری خۆی لە کاری سیاسیی راگەیاند، لایەنگرانی رەوتی سەدر ھەڵیانکوتایە سەر کۆشکی کۆماریی و بارەگای ئەنجوومەنی وەزیران لە ناوچەی سەوز.
دوای ئەوە گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان خۆپیشاندەرانی لایەنگرانی سەدر و ھێزە ئەمنییەکاندا روویدا، پاشان گرژیی و ئاڵۆزییەکان بوونە ھۆی روودانی پێکھەڵپڕژان لەنێوان لایەنە ناکۆکەکان کە تا ئێستا بەردەوامە.
ھاوکات سەرچاوەیەکی پزیشکی لە عێراق بۆ کەناڵی جەزیرەی قەتەری ئاشکرای کردووە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە میانی پێکھەڵپڕژانی نێوان لایەنە ناکۆکەکان لە بەغدا بوونەتە قوربانی، گەیشتووەتە ٣٠ی کوژراو و ٧٠٠ بریندار کە ١١٠یان کارمەندی ئەمنین.
رووداوەکانی ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا، لەسەر ئاستی ناوخۆ، ھەرێمیی و نێودەوڵەتیی کاردانەوەی لێکەوتەوە و داوا لە لایەنە سیاسییەکان کرا کە دان بەخۆیاندا بگرن و لە رێگای گفتوگۆوە ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن.