Heman Hussein Yaseen
25 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 26 حوزەیران 2020
هەولێر - AA
دوای دەرچوونی بەیانی ژمارە ٤٢ی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تایبەت بە رێکارەکانی خۆپارێزی و رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە تیایدا دەسەڵاتی داوەتە پارێزگارەکان بۆ توندوتۆڵکردنی رێوشوێنە تەندروستییەکان، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد و تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە کە ھاتوچۆ لەنێوان پارێزگای ھەولێر و پارێزگاکانی دیکەی هەرێم و عێراق تا سێی تەمووزی داهاتوو رادەگیرێت.
لە بڕیارەکەی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێردا ئاماژە بەوە کراوە کە ھاتوچۆکردن لەنێوان پارێزگای ھەولێر و پارێزگاکانی دیکەی هەرێم و عێراق تا سێی تەمووز رادەگیرێت و دەوامی سەرجەم فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتیی و یەکە کارگێڕییەکانی سنووریی پارێزگای ھەولێر تا سێی تەمووز رادەگیرێت جگە لە دەوامی دیوانی وەزارەت و سەرۆکایەتییەکان و ئەنجوومەنی دادوەری کە بۆخۆیان بڕیار دەدەن.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لە رۆژی شەممە ٢٠٢٠.٦.٢٧ تاوەکو ٢٠٢٠.٧.٣، لە دوای کاتژمێر ھەشتی شەو بۆ پێنجی بەیانی، سەرجەم دوکان، بازاڕ، مۆڵ، مارکێت و شوێنە بازرگانییەکان و ھەموو ئەو شوێنانەی کە پێشتر بۆ خزمەتی ھاوڵاتییان کرابوونەوە دادەخرێن، جگە لە دەرمانخانەکان.
لە بڕیارەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە رۆژانی ھەینی، بازاڕە میللیەکان، گۆڕەپانەکانی باڵندە، پیشانگاکانی ئۆتۆمبێل، ھاوینە ھەوارەکان و شوێنە گەشتیارییەکان بەتەواوی دادەخرێن و ھاتوچۆکردن لێیان قەدەغەیە.
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەغشکردووە کە مزگەوت، کەنیسە، شوێنە ئاینییەکان، دانانی پرسە و رێوڕەسمی ماتەمینی لە ھۆڵ، ماڵ، لەژێرخیوەت) لە گەڕەک و ماڵ و شوێنە گشتییەکان، ھۆڵەکانی ئاھەنگگێران، یانەی شەوانە، نێرگەلەکێشان، یانەکانی مەی خواردنەوە (باڕ)، گەرماو (حەمام)، ھۆڵەکانی بووک گواستنەوە، ھۆڵە کۆمەڵایەتییەکان، ھۆڵەکانی وەرزش، سەنتەرەکانی لەشجوانی، مەلەوانگە، باخچە گشتییەکان، پارکەکان، سەوزاییەکانی ناو گەڕەک و کۆڵانەکان، تاوەکو ٣.٧.٢٠٢٠ بە داخراوی دەمێننەوە.
لەبارەی کردنەوەی نۆرینگە و سەنتەرەکانی پزیشکیش، ئاماژە بەوەکراوە کە کردنەوەی نۆرینگە، سەنتەر و کۆمەڵگا پزیشکییەکان ئارەزومەندانە دەبێت و ئەوانەیشی کراوە دەبن دەبێت چەند مەرجێکیان تێدابێت لەوانە، کردنەوەی نۆرینگەکان لە کاتژمێر سێی دوای نیوەڕۆ بۆ شەشی ئێوارە دەبێت و لە ھۆڵی چاوەڕوانی لە چوار نەخۆش زیاتری لێ نەبێت و نێوانی ھەر یەکەیان دوومەتر کەمتر نەبێت، پزیشک دەستکێشی لەدەست بێت و ماسک ببەستبێت، نەخۆش یەک ھاوەڵی زیاتر لەگەڵ نەبێت و ھەردووکیان ماسکیان بەستابێت، رۆژانە نۆرینگە و سەنتەر و کۆمەڵگاکان (تعقیم) بکرێن و لەو ماوەیەدا لە (کاتژمێر سێ بۆ شەش) لە ١٠ نەخۆش زیاتر نەبینرێت.
ئاماژە بەوەیش کراوە کە ئەم بڕیارانە لە کاتژمێر ١٢ی شەوی ٢٦ لەسەر ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ دەکەونە واری جێبەجێکردنەوە.