Ozhin Jola
15 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 15 تەمووز 2020
کەرکووک - AA
دوو رۆژە هەواڵی کەلەپچەکردنی تووشبوویەکی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک کە بە بەرچاوی ئەو، هاوسەرەکەیشی گیانی لەدەست دا بووەتە باسی شەقام، هەروەها توڕە کۆمەڵایەتییەکانیشی تەنیوەتەوە.
درەنگانێکی شەوی یەکشەممە نەخۆشێك بە ناوی محەممەد، ک کە خۆی و هاوسەرەکەی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون، دوای دەمەقاڵییەک لەگەڵ کارمەندانی نەخۆشخانەکە، ئامێرێکی هەناسەدان دەشکێنێت و ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی پاسەوانان و پۆلیسی کەرکووک لە شوێنی رووداوەکە ئامادە بن و دەستی نەخۆشەکە لە قەد قەڕەوێڵەی هاوسەرەکەی ببەستنەوە و دوای چەند چرکەیەک لەبەرچاوی ئەو، هاوسەرەکەی گیان لەدەست دەدات، بەڵام ئەو بەند دەکرێت و رێگایشی پێ نادەن ئامادەی بەخاکسپاردنی هاوسەرەکەی بێت.
ئەو پرسە نیگەرانی رای گشتیی بەدوای خۆیدا هێناوە و لە یەکەم کاردانەوەدا، مامۆستایانی زمانی کوردی لەبەردەم نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک گردبوونەوە و پشتیوانی خۆیان بۆ مامۆستا محەمەد.ک دەربڕی کە هاوپیشەیانە و داوایان لە بەرپرسانی پارێزگاکە کرد لەسەر ئەم کەیسە، بێنە دەنگ.
لەم بارەیەوه بەڕێوبەری گشتیی فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک، زیاد جبوری بەئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند لێکۆڵینەوەیان لەو رووداوە دەست پێ کردووە و خۆیشی سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەکە دەکات، دەشڵێت "ئەگەر دوای لێکۆڵینەوەکان هەرکەس کەمتەخەم بووبێت ئەوا رووبەڕووی یاسای دەکەینەوە".
لەئێستادا لەلایەن کۆمەڵێک لە هاوپیشە و خەڵکی شارەکە هەڵمەتێک لە واتسئاپ دەستی پێ کردووە و تیایدا گرتەی ڤیدیۆیی بەستنەوەی مامۆستا محەمەد بە قەڕوێڵەی هاوسەرە کۆچکردووەکەی بۆ بەڕێوبەری گشتیی فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک دەنێردرێت و داوای دەستلەکارکێشانەوەی لێ دەکەن.
لەمبارەیەوە بەڕێوبەری گشتیی فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک، زیاد جبوری نەیشاردەوە کە لە دۆخێکی قورسدایە و گوتی: "نامەوێت لە بەرپرسیارێتی رابکەم ئەگەر نا بەپێی یاسا با کەسێکی تر لەجێی من دابنێن رازیم، بەڵام بۆ ئەم دۆخەی ئێستا دەستلەکار ناکێشمەوە".
مامۆستا محەمەد مامۆستای قوتابخانە بوو لە ناحیەی سەرگەڕان سەربە قەزای دووبز سنووری پارێزگای کەرکووک و مونا ئیسماعیلی هاوسەریشی یاریدەدەری بەڕێوبەر بوو لە کۆمپانیای غازی باکوور و خاوەنی دوو منداڵن.