Sarmand Hameed
10 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 11 کانوونی یەکەم 2021
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی جەختی لەوە کردەوە کە درێژە بە سەركەوتنەكان دەدەن تا ریشەكێشكردنی تیرۆر و هیچ كاتێک ناوەستن.
مستەفا کازمی لە چوارەم ساڵیادی راگەیاندنی سەرکەوتن بەسەر رێکخراوی تیرۆریستی داعش، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق نووسیوویەتی "لە چوارەم ساڵیادی راگەیاندنی سەركەوتندا بەسەر داعشی تیرۆریست، پیرۆزبایی لە گەلی خۆمان و هێزە ئەمنییە قارەمانەكان دەكەین".
مستەفا کازمی سڵاوی بۆ ئەوانە ناردووە کە لە جەنگی دژبە داعشدا بوونە قوربانی و نووسیوویەتی "سڵاو لەو خوێنە ئاڵانەی خاكیان رزگاركرد و عێراقییەكانیان یەكخست و سەركەوتنیان دەستەبەركرد".
سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاندووە "رێگە نادەین کەسێک هەوڵی تێکدانی ئاسایشی هاووڵاتییانمان بدات".
مستەفا کازمی جەختی لە بەردەوامی جەنگی دژبە داعش و سەرکەوتن بەسەر رێکخراوەکە کردووەتەوە و رایگەیاندووە "درێژە بە سەركەوتنەكان دەدەین تا ریشەكێشكردنی تیرۆر و هیچ كات ناوەستین".
لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧دا، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، حەیدەر عەبادی سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی تیرۆریستی داعش و کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوی ئەو رووبەری خاکەی راگەیاند کە رێکخراوەکە لە هاوینی ٢٠١٤دا دەستی بەسەردا گرتبوو.