Sarmand Hameed
10 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 11 کانوونی یەکەم 2021
ھەولێر - AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح رایگەیاند، ئەرکی ئێمەیە ئەمڕۆ سەرکەوتن تەواو بکەین بەپشتیوانیکردنی دەوڵەت و بەتواناکردنی بۆ ریشەکێشکردنی پاشماوەکانی تیرۆر و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و دەستەبەرکردنی ئاوەدانی.
بەرھەم ساڵح لە چوارەم ساڵیادی راگەیاندنی سەرکەوتن بەسەر رێکخراوی تیرۆریستی داعش، لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە.
سەرکۆماری عێراق نووسیوویەتی: "لە رۆژی سەرکەوتن بەسەر داعشدا، قارەمانێتی ھێزە چەکدارەکانمان لە سوپا، پۆلیس، حەشدی شەعبی و پێشمەرگە، ھەروەھا رۆڵی گەورەی مەرجەعی باڵای ئایینی لە ستایشکردنی ھێزی گەل و پشتیوانی ھاوڕێ و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی وەبیردەھێنینەوە".
سەرکۆماری عێراق راشیگەیاند، "ئەرکمانە ئەمڕۆ سەرکەوتنەکەمان تەواو بکەین بەپشتیوانیکردنی دەوڵەت بۆ ریشەکێشکردنی پاشماوەکانی تیرۆر و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و دەستەبەرکردنی ئاوەدانی".