Heman Hussein Yaseen
18 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 19 کانوونی دووەم 2023
هەولێر - AA
بەرێوەبەرایەتی ھاتوچۆی ھەولێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە ھەفتەی داھاتوو کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ (point to point) دەکەوێتە کار.
لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی ھەولێردا ھاتووە: "لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ کەمکردنەوەی قوربانییەکانی ھاتوچۆ و کۆنترۆڵکردنی تیژڕۆیی، وەکو قۆناغی یەکەم، کامێرای تۆمارکردنی تیژڕۆیی خاڵ بۆ خاڵ یان Point to Point کە تێکڕای خێرایی لەنێوان دوو کامێرا تۆمار دەکات لە شەقامی ١٢٠ مەتری ھەولێر لەنێوان شەقامی کەرکووک بۆ شەقامی بنەسڵاوە لە ھەردوو ساید ئەو کامێراییە لە ھەفتەی داھاتوو دەکەوێتە کار".
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاگاداری شوفێرانی کردووەتەوە بۆ ئەوەی خۆیان لە سزای دارایی تۆمارکردنی کامێرای تیژڕۆیی بپارێزن، نابێت لە شەقامی ١٢٠ مەتری تیژڕۆیی بکەن بە جۆرێک ئۆتۆمبێلی بچووک نابێت لە ١١٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێک خێراتر بڕوات. ھەر خێراییەکی زیادە وەکو سەرپێچی تۆمار دەکرێت.
هەروەها ئاماژە بە شێوازی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی گەورە (بارھەڵگر) کراوە کە نابێت لە ٨٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێک خێراتر بڕوات، ھەر خێراییەکی زیادە وەکو سەرپێچی تۆمار دەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی ھەولێر شوفێرانی بارھەڵگریشی ئاگادارکردووەتەوە کە تەنیا رێگا پێدراون لە ھێلی دیاریکراو بۆیان، شوفێری بکەن. بە پێچەوانەوە رووبەڕووی سزای دارایی دەبنەوە.