Fakhradin Ibrahim Mohammad
31 مای,س 2025•نوێکردنەوە: 03 حوزەیران 2025
هەولێر - AA
پارت و لایەنە سیاسییەکانی بەشداری کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پیرمام، وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتییەکان لەهەمبەر بڕیاری بەغدا بۆ ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، جەخت لەوە دەکەنەوە کە "ئەم بڕیارە بڕیارێکى سیاسییە دژ بە ئیرادەى گەلى کوردستان و قەوارەى سیاسى و یاسایى هەرێمى کوردستان".
بەیانی ئەمڕۆ ٤٣ پارت و لایەنی سیاسی هەرێمی کوردستان-عێراق کە پێکهاتەکانی تورکمان و مەسیحییەکانیش بەشێک بوون لێی، لە کۆبوونەوەیەکدا بڕیاری بەغدا بۆ ڕاگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیان هەڵسەنگاند.
بە پێی راگەیاندراوێک کە لە ئاکامی کۆبوونەوەکە بڵاو کراوەتەوە، لایەنە سیاسییەکانی هەرێم "هاوڕابووین لەوەى کە ئەم بڕیارە بڕیارێکى سیاسییە دژ بە ئیرادەى گەلى کوردستان و قەوارەى سیاسى و یاسایى هەرێمى کوردستان".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هەروەها هاتووە، "بەپێى دەستوورى هەمیشەیى عێراق و بڕیارى دادگاى فیدراڵى و یاساى فەرمانبەران و مووچەخۆرانى عێراق و ڕێککەوتنەکانى نێوان حکوومەتى هەرێم و حکوومەتى فیدراڵ، پێویستە حکوومەتى فیدراڵى پابەندبێت بەئەرک و ئیلتیزاماتى خۆى بەرامبەر بە خەڵکى هەرێمى کوردستان و، مافى مووچەخۆرانى هەرێم تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان نەکرێت، هەروەها حکوومەتى فیدراڵ دووربکەوێتەوە لە سیاسەتى برسیکردن و فشارخستنە سەر هەرێمى کوردستان، لەبەرئەوەى ئەم سیاسەتە جگە لە قوڵکردنەوەى گرفتەکان، نادیدەگرتنى گۆڕانکارییە زۆر و خێراکانى ناوچەکەشە بۆیە لەبەرژەوەندى هیچ لایەکدا نابێت".
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکە، لایەنە سیاسییەکانی هەرێم ڕایانگەیاندووە کە "بژاردەى گفتوگۆ و دانوستاندن" بە باشترین ڕێگە چارە دەزانن بۆ ئەم قۆناغە و هەروەها هاتووە: "لەهەمان کاتدا گشت بژاردەکان بە کراوەیى دەبینین لەبەردەممان لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانى هەرێمى کوردستان".
جێی ئاماژەیە، هەریەکە لە یەكگرتووی ئیسلامیی کوردستان، كۆمەڵی دادگەری، ڕەوتی هەڵوێست و بەرەی گەل بەشداری کۆبوونەوەکەیان نەکرد.
ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی ئایار، حکوومەتی ناوەندی عێراق، هەرێمی کوردستانی ئاگادار کردەوە کە بە هۆی ئەوەی پشکى دیاریکراوى خۆى لە یاسای بوودجە تێپەڕاندووە، چیتر ناتوانێ بوودجەی بۆ دابین بکات و ئەوەش ناڕەزایەتی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە.