Hawkar Yaseen
04 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 05 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی تایبەت بە تایبەتکردنی دابەشکردنی کارەبای لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
وەزارەتی کارەبا لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت "ئامانجی پرۆژەکە وەک خۆی نەگەیشتووەتە هاووڵاتییان و پرسیار و دڵەراوکێی دروستکردووە، دەمانەوێت لای خەڵک روونبێت ئەم هەنگاو و پرۆسەیە لە خزمەتی هاووڵاتییانی كوردستاندایە".
وەزارەتی کارەبا رایگەیاندووە "بەتایبەتكردنی كەرتی دابەشكردنی كارەبا راستەوخۆ لەلایەن وەزارەتی كارەبا چاودێریی و سەرپەرشتی دەكرێت، نرخی كارەبا لەسەر هاوبەشانی كارەبا زیاد ناكرێت".
دەشڵێت "دەبێتە هۆی باشتر كۆنترۆڵكردنی سیستەمی بەڕێوەبردنی كارەبا و رێگرە لە بەفیڕۆدانی وزەی كارەبا و كەمبوونەوەی پاڵەپەستۆ لەسەر تۆڕ و وێستگەكان و كەمبوونەوەی كاری چاكسازیی و سووتانی محاویلەكان و كەمكردنەوە و نەهێشتنی سەرپێچیەكانی كارەبا بەمەش دادپەروەریی لە دابەشكردنی كارەبا زیاتر دەستەبەر دەكرێت".
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی داوە بەوەی "پرۆژەکە دەبێتە هۆی زیادبوونی ماوەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانیی بەتایبەتی لە هەردوو وەرزی هاوین و زستاندا".
پەیوەست بە فەرمانبەرانی کەرتی کارەباش کە ئێستا لە چوارچێوەی کەرتی گشتیدا کاردەکەن وەزارەتی کارەبا رایگەیاندووە "بەڕێژەی ٧٠%ی فەرمانبەرانی وەزارەتی كارەبا لەو سێكتەرە كار دەكەن بەتەواویی ئیمتیازاتەكانیان، كۆمپانیاكانیش پابەند دەبن بەدابینكردنی مووچەكانیان لەكاتی خۆیدا".