Zana Natık Kerem
12 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 12 تشرینی یەکەم 2021
ھەولێر ــ AA
سەرکردەی ھاوپەیمانیی فەتح، ھادی عامری رایگەیاند کە ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەستکاری کراوە و رەتی دەکەنەوە.
بەپێی میدیا عێراقییەکان ھادی عامری لە راگەیەندراوێکدا ھەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خستووەتەڕوو و رایگەیاندووە "ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە قبوڵ ناکەین، چونکە دەستکاری کراوە".
سەرکردەی ھاوپەیمانیی فەتح، ھادی عامری ئاماژەی بەوەیشداوە کە بەھەموو توانایەک، بەرگریی لە دەنگی کاندیدان و دەنگدەرانی خۆیان دەکەن.
پێشتریش ھەریەک ھاوپەیمانیی فەتح، ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، عەسائیبی ئەھلی حەق و کەتائیب حزبوڵڵا رایانگەیاندبوو، ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانەوە راگەیەندراوە، رەت دەکەنەوە.
بەپێی ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە دوێنێ دووشەممە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانەوە راگەیەندرا، ژمارەی کورسییەکانی ھاوپەیمانیی فەتح بە بەراورد بە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨، ٣٤ کورسی کەمی کردووە و ئەمجارەیان ١٤ کورسی بەدەستھێناوە.
ھاوپەیمانیی فەتح لە ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨دا، ٤٨ کورسی بەدەستھێنابوو.