Zana Natık Kerem
12 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 13 تشرینی یەکەم 2021
ھەولێر ــ AA
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر راگەیاند کە بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکان، لیستی سەدرییەکان براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکەیە و زۆرترین کورسی بەدەستھێناوە.
موقتەدا سەدر بەبۆنەی سەرکەوتنی رەوتی سەدر لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گوتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا ھۆشداری دا لە دەستوەرادان لە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، ھەروەھا بەڵێنی شەڕی دژبە گەندەڵیی و مانەوەی چەک لەدەستی دەوڵەت دا و راشیگەیاند کە سنووریش بۆ دەستوەردانە دەرەکییەکان لە کاروباری عێراق دادەنێن.
موقتەدا سەدر گوتیشی: "سوپاس بۆ خوا کە گەورەترین فراکسیۆنی سەرخست کە فراکسیۆنێکی عێراقییە و نە رۆژھەڵاتی و نەرۆژئاواییە"، وەک ئاماژەیەک لەوەی لیستی سەدرییەکان براوەی یەکەمی ھەڵبژارنەکانە و سەربەخۆیەوە سەربە ئێران و ئەمریکا نییە.
سەرکردەی رەوتی سەد، موقتەدا سەدر بەشێکی گوتارەکەی بۆ شەڕی دژبە گەندەڵی تەرخان کرد و گوتی: "لەئەمڕۆ بەدواوە، جێگا بۆ گەندەڵی و گەندەڵکاران لە عێراق نامێنێت و ئەگەر پێویست بکات بە خوێنی خۆمان، گەندەڵیی بنبڕ دەکەین، هەروەها رێگا نادەین دەسەڵات لەسەر بەرژەوەندی گەل دابەش بکرێت".
موقتەدا سەدر لە گوتارەکەیدا، ھەروەھا پەیامێکی دڵنیایی ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کرد کە لە چەند مانگی رابردوودا، بەرەوڕووی ھێرشی مووشەکیی بووبوویەوە و گوتی: "ھەموو باڵیۆزخانەکان پێشوازی لێکراون، ئەگەر دەستوەردان لە کاروباری عێراق و پێکھێنانی حکوومەت، نەکەن".
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر ھۆشداری دا لە دەستوەردان لە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق و گوتی: "ھەر باڵیۆزخانەیەک دەستوەردان لەوبارەیەوە بکات، ئەوا بە رێگای دیپلۆماتیی و جەماوەرەیی وەڵام دەدرێنەوە، چونکە عێراق بۆ عێراقییەکانە، رێگا نادەین دەستوەردرێتەوە کاروباری عێراق".
سەرکردەی رەوتی سەدر، جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە چەک تەنھا لە دەستی دەوڵەتدا بێت و رێگا نادەن چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بەکاربھێندرێت و گوتی: "ئێستا کاتی ئەوەیە گەل بە ئاشتی، بێ داگیرکاری و بێ تیرۆر، بژێت".
سەرکردەی رەوتی سەدر گوتیشی: "لەئێستا بەدواوە، نەحکوومەت و نە پارتەکان ناتوانن دەست بەسەر سامان و خێروبێری وڵاتدا بگرن، چونکە نەوت و سامانی عێراق بۆ عێراقییەکانە".
موقتەدا سەدر هەروەها گوتی: "لە داھاتوودا، قۆناغ بە قۆناغ کار لەسەر بەرزکردنەوەی بەھای دیناری عێراقی لە بەرامبەر دراوە جیھانییەکاندا دەکەین".