Zana Natık Kerem
16 ئەیلوول 2023•نوێکردنەوە: 18 ئەیلوول 2023
ھەولێر – AA
فەرماندەیی ھێزەکانی پاسەوانی سنووری سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، ھێزەکانیان بە پاڵپشتی ھێزەکانی پێشمەرگە، خاڵە سنوورییەکانی پارێزگای ھەولێر لەگەڵ ئێران کە پێشتر گرووپەکانی چەکداری دژبەری ئێران لەو شوێنانە بوون، کۆنترۆڵ کردووە.
لەوبارەیەوە فەرماندەیی ھێزەکانی پاسەوانی سنوور ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە: "لەچوارچێوەی ھەوڵەکانیانیدا بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی سنووری عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، ھێزێکی سەربە لیوای ناوچەی سنووری دوو و فەوجی کۆماندۆی ناوچەی سنووری یەک بە پاڵپشتی ھێزەکانی پێشمەرگە توانیویانە خاڵە سنوورییەکانی نێوان عێراق و ئێران کۆنترۆڵ بکەن.”
ئەوەیش دوای شەڕ و پێکدادان لەگەڵ تیرۆریستانی پەکەکە بوو کە پێشتر ئەو خاڵە سنوورییانەیان لە سنووری کارگێڕیی پارێزگای ھەولێر کۆنترۆڵ کردبوو.
بە مەبەستی پاراستنی سنوورەکانی ھەرێم لەگەڵ ئێران، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە ١٤ی ئەیلوول ھێزێکی پاسەوانی سنوور ڕەوانەی گەرووی زینی وەرتێ لە ناحیەی سیدەکان سەر بە پارێزگای ھەولێر کرا، بەڵام لە لایەن تیرۆریستانی پەکەکە کە لە ناوچەکەدا بوونییان ھەیە، ڕێگری لە جێگربوونی ھێزەکە کرا و بەمھۆیەوە ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان ھەردوولا ڕوویدابوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە فەرماندەیی پاسەوانی سنوور، سوورە لەسەر سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق لە تەواوی سنوورەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، ھەروەھا ھەڵکردنی ئاڵای عێراقی لە دوورترین خاڵی سنووریی.

بەپێی ڕێککەوتنێکی نێوان عێراق و ئێران تا ڕێكکەوتی ١٩ی ئەیلوول پێویستە پارتە دژبەرە کوردییەکانی نەیاری ئێران لە ھەرێم چەک بکرێن و کەمپێکی مەدەنی بۆیان دابین بکرێت و نیشتەجێ بکرێن.