ئهنقهره
وەك هەنگاوێك بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەی خواردنەوە لە ئێران، كە گەیشتۆتە ئاستێكی مەترسیدار، حكوومەتی ئەو وڵاتە ناوەندی چارەسەر دەكاتەوە.
بەپێی هەواڵێكی رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز، هەرچەندە ژمارەی ئەو كەسانەی لە ئێراندا ئالودەبوون بە خواردنەوەی مەی بە بەراورد بە رووسیا و ئەڵمانیا كەمترە، بەڵام لەو وڵاتەدا پلەی ئەلكهول لە خواردنەوەی مەیدا بەرزترە.
بەپێی زانیارییەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی، كەسێك لە ئێران كە وابەستەی مەی خواردنەوە بێت، ساڵانە تێكڕا 24.8 لیتر كحولی پوخت دەخواتەوە. هەر بەپێی زانیاریەكانی رێكخراوەكە، ئەو بڕەش لەو بڕە زیاترە كە كەسێكی وابەستە بە مەی خواردنەوە لە رووسیا، ئەڵمانیا و بەریتانیا بەكاری دەبات.
پێشبینی دەكرێت كە ساڵانە لە ئێران 420 ملیۆن لیتر مەی بەكارببرێت.
هاووڵاتییەكی ئێرانی تەمەن 32 ساڵ بەناوی شایان، كە سەرقاڵی كڕین و فرۆشتنی خانوو و زەویە، باس لەوە دەكات كە لە تەمەنی 16 ساڵیەوە هەموو هەفتەیەك دەورووبەری چوار لیتر ڤۆتگای خواردۆتەوە كە پلەی كهولی 45 پلە بووە، هەروەها هەموو رۆژیك دوو گرام هیرۆینی بەكار بردووە و دەڵێت "بێ ئومید و تووڕەبووم، وا هەستم دەكرد زۆر بێ هێزم".
شایان، ئاماژە بەوە دەكات كە لەسایەی رێكخراوی ئالوودەبوانی مەی بێ ناو، ماوەی چوار مانگە خواردنەوەی مەی و ماددەی هۆشبەری بەكارنەهیناوە و دەڵێت "هەموو رۆژێك نوێژ دەكەم و بەشداری لە كۆبوونەوەی رۆژانەی رێكخراوەكەدا دەكەم".
دەروونناسێك بەناوی محەمەد، كە سەرقاڵی وەرزشی شاخەوانیە دەڵێت "ماوەی هەشت ساڵە سەرقاڵی شاخەوانیم و بەسەر شاخەكانی دەرەوەی تاراندا سەردەكەوم. لە ماوەی رابردوودا زۆربەی ئەو گەنجانەی سەرقاڵی شاخەوانی بوون بۆنی مەیان لێدەهات. بۆ ئەوەی دەستگیر نەكرێن، ئەو گەنجانە روویان لە شاخەكان دەكرد".
بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ یەو كێشەیە، وەزارەتی تەندروستی ئێران پلان دادەنێت بۆ كردنەوەی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی ئالودەبوانی مەی خواردنەوە لە 150 ناوچەی جیاوازدا.
پسپۆڕی بەرەنگاربوونەوەی ئالودەبوانی ماددەی هۆشبەر سەعید سەفاتینا، جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە پلانی كردنەوەی ناوەندەكانی توانابەخشی لەلایەن وەزارەتی تەرندوستی ئێرانەوە مایەی دلخۆشیە و دەڵێت "لانیكەم لێپرسراوان پێویستی كردنەوەی ئەو ناوەندە پزیشكیانەیان پەسەند كرد".
شایان، كە پێشتر ئالودەی مەی خواردنەوە و ماددەی هۆشبەر بووە، سەبارەت بە پلانی كردنەوەی ئەو ناوەندە چارەسەریانە دەڵێت "ئەو كەسانەی لەم ناوەندانەدا كار دەكەن، دەبێت كەسانی پسپۆری ئەو بوارە بن. ئەگەر ئەو ناوەندانە بكرێنەوە، ئەوا ژنبراكەمی بۆ دەبەم، كە رۆژانە نیو بتڵ ویسكی دەخواتەوە".
لێپرسراوێكی وەزارەتی تەندروستی ئێران، مانگی رابردوو لە روونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوە كردبوو كە ساڵانە لە ئێران 420 ملیۆن لیتر مەی بەكاردەبرێت، بەڵام دەستبەجێ روونكردنەوەی ئەو لێپرسراوە بەدرۆخرابۆوە.