Ozhin Jola
28 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 29 کانوونی یەکەم 2020
کەرکووک – AA
ئەو لیژنە پەرلەمانییەی کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەوی وزاری کشتوکاڵی لە پارێزگای کەرکووک پێکهێنراوە، لەگەڵ نوێنەرانی جوتیارانی کورد و عەرەب و فەرماندەی ئۆپەراسیونە ھاوبەشەکانی کەرکووک و پارێزگاری بەوەکالەتی شارەکە کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا ھەموو ھەنگاوەکانی زیادەڕۆییکردن و داگیرکردنی زەوی کشتوکاڵی لە سنووری پارێزگاکەدا بوەستێنرێت تاوەکو کاری لیژنەکە دەگاتە ئەنجام.
دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا، نوێنەری پێکهاتەی عەرەب لە لیژنە پەرلەمانییەکە، محەمەد رەزا ئال حەیدەر بە میدیاکانی راگەیاند: "ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی گرنگمان ئەنجامدا و بە وردی کێشەکانی زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکووکمان تاوتوێ کرد و کۆبوونەوەکانمان بەردەوامیی دەبێت".
محەمەد رەزا ئال حەیدەر دڵنیایی دا لە ئەنجامی کارەکانی لیژنەکە و گوتی: "دڵنیابن لەوەی دەگەینە چارەسەرێکی دادپەروەرانە و چارەسەرەکەیش دەبێتە جێی رەزامەندی ھەمووان".
لەلای خۆیەوە ئەندامی لیژنەی چارەسەرکردنی کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکووک، ھەرێم کەمال ئاغا رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا کۆمەڵێک بابەتی گرنگ باسکرا. ئەوەی جێی خۆشحاڵی بوو ئەوەبوو کە گوێبیستی ھەموو نوێنەرانی سەرگەڕان و داقوق بووین، گفتوگۆی وردمان لەگەڵیاندا کرد".
ھەرێم کەمال ئاغا کە نوێنەری کوردە لە لیژنەکەدا گوتیشی: "کۆبوونەوەکانمان بەردەوام دەبێت و ھەموو ئەو دۆکیومێنت و بەڵگانە لەڕێی دادگا و فەرمانگەی کشتوکاڵ کۆدەکەینەوە".
ئاشكراشیكرد تاوەکو گەیشتن بە چارەسەرێکی گشتگیر و گونجاو و ھاوسەنگ کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبێت و رایگهیاند: "دواتر لەگەڵ سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکوومەت و نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق کۆدەبینەوە بۆ ئەوەی لە داھاتوویەکی نزیکدا چارەسەری ئەم کێشانە بکەین".
لەسەر ئەو مۆڵەتەی بە جوتیارانی کوردی پەڵکانە درابوو بۆ چۆڵکردنی گوندەکانیان، ھەرێم کەمال ئاغا گوتی: "ھەموو ئەو کات و ئەو مۆڵەتانە راگیران و ھەموو شتێک رادەوەستێت و ھەموو ئەو زیادەڕۆییانەیشی کە کراونەتە سەر زەویە کشتوکاڵییەکانی سنووری ناوچەی ھەفتەغار لە قەزای داقوق رابگرێن و ھیچ ماڵێکیش چۆڵ ناکرێت".
لەلای خۆشیەوە نوێنەری تورکمان لەو لیژنە پەرلەمانییەی کە بۆ چارەسەری کێشەی زەوی و زاری کشتوکاڵی کەرکووک پێکهێنراو، ئەحمەد حەیدەر گوتی: "کێشەی زەوی کشتوکاڵی لە کەرکووک کێشەیەکی قورس و کۆنە و ھۆکارەکەیشی بڕیارەکانی سەدام حسێن-ه کە بە چەند بڕیارێک پێکەوەژیانی ئەم شارەی شێواند و زەوی کشتوکاڵی لە چەند نەتەوەیەک وەرگرت و بە پێکھاتەیەکی دیاریکراوی دا.
ئەحمەد حەیدەر باسی لهوهشكرد، ئەوان گوێ لە ھەمووان دەگرن و دۆکیومێنت و بەڵگەکان کۆدەکەنەوە و پەنا دەبەنە بەر یاسا و داگا بۆ چارەسەری کێشەکان و گوتی: "ئێمە دژی بەکارھێنانی ھێز و شێوازی عەشایەریین لەم کێشانەدا، ئومێدەوارین کە ھیچ کێشە و گرفت و پێکدادانێک لەنێوان پێکھاتەکاندا روونەدات".