Rewa Mahmood Hasan
28 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 29 کانوونی یەکەم 2020
سلێمانی-AA
شاندێکی هاوبەشی وەزارەتی ناوخۆی عێراق و وەزارەتی ناوخۆی هەرێم سەردانی پارێزگای سلێمانی کرد و بڕیاریاندا بە دیاریکردنی ٧٩ ناوەندی تۆمارکردن وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی شەشی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، شاندێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەردانی پارێزگای سلێمانی کرد و لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەسەرپەرشتی پارێزگاری سلێمانی، هەڤال ئەبوبەکر کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا لیژنەی هاوبەشی ئارامیی هەڵبژاردنەکان کە لە نوێنەرانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ناوەندیی و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی پێک هاتبوون، دەربارەی رێکارە پێویستەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق کە بڕیارە شەشی حوزەیرانی ٢٠٢١ ئەنجام بدرێت گفتوگۆیان کرد.
لە راگەیەندراوێکی پارێزگای سلێمانی-دا دەربارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە هاتووە ''لە کۆبوونەوەکەدا رێوشوێنی پێویست بۆ رێکارە پێویستەکانی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لە سنووری دەڤەری سلێمانی (پارێزگای سلێمانی، پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین) گیراوەتە بەر و (٧٩) ناوەندی تۆمارکردن دیاریکران کە سەربە دامەزراوەکانی تری نووسینگەی سلێمانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەبن".