Zana Natık Kerem
14 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 15 ئادار 2021
ھەولێر ــ AA
وەزیری سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی عێراق، مەھدی رەشید حەمدانی رایگەیاند، پەرلەمانی تورکیا رەزامەندی لەسەر ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە نیشانداوە کە تورکیا پابەند دەکات لەوەی پشکی ئاو بە دادپەروەریی بۆ عێراق بەربداتەوە، ھاوکات باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، فاتیح یڵدز رایگەیاند کە دۆسیەی ئاو، پرسێکی ھاوکارییە نەوەک ناکۆکیی.
مەھدی رەشید حەمدانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا باسی لەوەکردووە کە بەپێی ئەنجامەکانی کۆنگرەی نێودەوڵەتیی بەغدا تایبەت بە ئاو، دەرکەوتووە کە عێراق رۆڵێکی گەورەی سەبارەت بە ئاو ھەیە و راشیگەیاندووە کە سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی گرنگی زۆر بە دۆسیەی ئاو و پاڵپشتیکردنی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو دەدات و گوتی:
"ھەر بۆ ئەو مەبەستە مستەفا کازمی، ئێمەی وەک نێردەی تایبەتی خۆی لە دۆسیەی ئاو دەستنیشانکردووە و تا ئێستا چەندین کۆبوونەوەی بەرھەمدارمان بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی ئاو لەگەڵ لایەنی تورکیا سازکردووە".
ئاماژەی بەوەیشدا کە پەرلەمانی تورکیا رەزامەندی لەسەر ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە نیشانداوە کە تورکیا پابەند دەکات لەوەی پشکی ئاو بە دادپەروەریی بۆ عێراق بەربداتەوە و گوتی:
"نێردەی تایبەتی سەرکۆماری تورکیا بۆ کاروباری ئاو، ویسەل ئەرئۆغڵۆ جەختیکردووەتەوە کە بەم زووانە زنجیرەیەک رێککەوتن لەنێوان ھەردوولادا دەکرێت بە ئامانجی چارەسەرکردنی دۆسیەی ئاو".
وەزیری سەرچاوەکانی ئاو، مەھدی رەشید حەمدانی ئاشکراشیکردووە کە لەم ماوەیەی دواییدا، پێنج تا شەش کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنی تورکیا سازکردووە کە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، بابەتی لەم جۆرە رووی نەداوە و گوتی:
"سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان پاڵپشتیی لە عێراق دەکات".
مەھدی رەشید حەمدانی سەبارەت بە کۆنگرەی نێودەوڵەتیی بەغدا تایبەت بە ئاو گوتی: "بەستنی کۆنگرەکە پەیامێک بوو کە ناوەڕۆکەکەی بریتیی بوو لە بوونی مافی عێراق، هەروەها بۆ ھاووڵاتییانی عێراق دووپاتی دەکەینەوە کە ئەرکی لەپێشنەی حکوومەت، دەستەبەرکردنی پشکی ئاو دەبێت".
لای خۆیەوە باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، فاتیح یڵدز لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە بەرلەوەی کۆنگرەی نێودەوڵەتیی بەغدا سەبارەت بە ئاو ساز بکرێت، تورکیا پلانێکی گەورەی کارکردنی پێشکەش بە حکوومەتی عێراق کردبوو لە پێناو ھاوکاریکردن و بەڕێوەبردنی پشکەکانی ئاو لە سێ تا چوار ساڵدا.
فاتیح یڵدز باسی لەوەشکردووە کە ھەشت شارەزای تورکیا، بەشدارییان لە کۆنگرەکەی نێودەوڵەتیی بەغدادا کردووە و گوتی:
"دۆسیەی ئاو، پرسێکی ھاوکارییە نەوەک ناکۆکیی، لەبەر ئەوە حکوومەتی تورکیا نێردەی تایبەتی خۆی بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی ئاو لە عێراق دەستنیشانکردووە".
گوتیشی: "تورکیا لە بری دابەشکردنی پشکەکانی ئاو، جەخت لەسەر بەڕێوەبردنی پشکەکانی ئاو بەشێوەیەک باش، دەکاتەوە".
دوێنێ شەممە لە شاری بەغدا پایتەختی عێراق، کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتیی تایبەت بە دۆسیەی ئاو بەسترا کە تا ئەمڕۆ یەکشەممە بەردەوام بوو.