Haydar Karaalp
12 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 12 تشرینی یەکەم 2021
بەغدا – AA
بەپێی ئەنجامە بەراييەكانى ھەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رەوتی سەدر، بە بەدەستھێنانی ٧٣ کورسی لە پلەی یەکەمدایە.
بەپێی ئەو ھەواڵەی کە لە ئاژانسی فەرمیی ھەواڵی عێراق بڵاوکراوەتەوە، بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، رەوتی سەدری سەر بە سەرکردەی شیعی موقتەدا سەدر، لەکۆی ٣٢٩ کورسیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ٧٣ کورسییان بەدەستھێناوە.
هاوپەیمانی تەقەددوم کە سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەران محەمەد حەلبوسی سەرکردایەتی دەکات، بە بردنەوەی ٣٨ کورسی بوو بە دووەم کوتلەی گەورەی ئەنجوومەنەکە.
ھاوکات، ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق، نووری مالیکی، توانی ٣٧ کورسی بەدەستبھێنێت و لە رێزبەندی سێیەمدا ھات.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ھێشتا ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکەی رانەگەیاندووە.
ئەوەش ئاشکرا کرا کە ئەم ھەڵبژاردنە کە پێنجەم ھەڵبژاردنی گشتییە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە لە عێراق، بە رێژەی بەشداریی سەدا ٤١ کەمترین رێژەی بەشداربوونی تێدا تۆمار کراوە.