Rawan Subhi Obaidullah
05 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 08 ئادار 2023
دھۆک - AA
بازاڕی كۆنی زاخۆ كه مێژووى دروستكردنى بۆ زياتر له ١٤٠ ساڵ بەرلە ئێستا دهگهڕێتهوه، لهسهر شێوازى کولتووریی و شوێنهواریى، دهست به نۆژهنكردنەوەى كراوه و لهئێستادا زياتر لەسەدا ٦٠ی كارهكانى تهواو بووه.
بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری زاخۆ، محەمەد یوسفی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ناوەڕاستی مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠٢٢ بە گوژمەی یەک ملیار و ١٨٠ ملیۆن دیناری عێراقی لە بوودجەی پەرەپێدانی ھەرێمەکان، دەست کرا بە نۆژەنکردنەوەی بازاڕی کۆنی زاخۆ کە لە ١٢٠ دووکان پێکھاتووە و تاوەکو ئێستا لەسەدا ٦٠ی کارەکانی تەواو بووە و بڕیارە مانگی نیسانی ئەمساڵ کۆتایی پێ بێت".
محەمەد یوسفی باسی لە گرنگی بازاڕی زاخۆ کرد لە رووی شوێنەوارییەوە و گوتی: "ئەم بازاڕە وەکو شوێنێکی کولتووریی ھەژمار دەکرێت، لەم بازاڕەدا خەڵکی زاخۆ ئالۆگۆری بازرگانییان دەکرد وەکو سەنتەری بازاڕی زاخۆ بووە، سەقفی دووکانەکانی لە کاریتە و قامیش دروستکرابوو، بەداخەوە مەترسی لەناوچوونی لەسەر بوو، زۆرێک لە دووکاندارەکان گرنگییان پێ نەدەدا، بۆیە دەستمان بە نۆژەنکردنەوەی ئەم بازاڕە کرد".
گوتیشی: "بازارەکە لە مەترسی لەناوچوون دەپارێزین بۆئەوەی جارێکی تر ژیان بۆی بگەڕێتەوە، چونکە خەڵک نەدەھات بۆ ئەم بازاڕە و سیمایەکەی لە دەستدابوو".
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری پارێزگای دھۆک، هەزار و ٤٠٠ ناوچەی شوێنەواریی و کەلەپووریی لە سنووری پارێزگاکە تۆمارکراون و لەئێستادا لە سەنتەری پارێزگای دھۆک و قەزاکانی ئامێدی، ئاکرێ و شێخان ھەشت شوێنی شوێنەواریی نۆژەندەکرێنەوە.
بەپێی گوتەی بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری زاخۆ ھەموو ئەو کەرەستانەی لە نۆژەنکردنەوەی بازاڕی کۆنی زاخۆدا بەکاردەھێنرێن، لەژێر سەرپەرشتی ئەوان دایە و دەبێت ئەو کەرەستانە بن کە بۆ شوێنی شوێنەواریی بەکاردەھێنرێن، بۆ نموونە دەرگای دووکانەکان کە دار دروستکراون و گوتی: "دوای تەواوبوونی بازاڕەکە نابێت ھەموو جۆرە کەلوپەلێکی لێی بفرۆشێت، دەبێت ئەو کەلوپەلانە بن کە زیاتر کەلەپوورین و دەربڕین لە مێژووی شارەکە بکەن، بۆ ئەوەی سەرنجی گەشتیاران رابکێشین و ژمارەیەکی زۆرتر سەردانی بکەن".
لە زاخۆ زیاتر لە ١٤٠ شوێنی شوێنەواریی ھەیە کە لە قەڵا، پڕد، ئاش و زۆر شوێنی تر پێکدھێت و ناسراوترین شوێنەواریش پڕدی دەلالە.
05.03.2023 كۆنترين بازاڕی زاخۆ نۆژهن دهكرێتهوه
- بازاڕی كۆنی زاخۆ كه مێژووى دروستكردنى بۆ زياتر له ١٤٠ ساڵ بەرلە ئێستا دهگهڕێتهوه، لهسهر شێوازى کولتووریی و شوێنهواریى، دهست به نۆژهنكردنەوەى كراوه و لهئێستادا زياتر لەسەدا ٦٠ی كارهكانى تهواو بووه.