Ismael Adnan Yaqoob
18 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 21 تەمووز 2021
مووسڵ ــ AA
شاری مووسڵ سەنتەری پارێزگای نەینەوا باکووری عێراق، بە چەندین پیشە و کاری دەستی جۆراوجۆر بەناوبانگە و یەکێک لەو پیشانەیش، چەقۆتیژکردنە کە پێشتر بە (سۆفارجی) ناودەبرا.
پیشەوەرانی چەقۆتیژکردن پیشەکەیان لە باوباپیریان بۆ ماوەتەوە کە لەئێستادا، ژمارەیان لە شاری مووسڵ لە ١٠ کەس تێپەڕناکات.
بازاڕی ئاسنگەران و دارتاشان یان بازاڕی ژێر منارە (وەک ئاماژەیەک بۆ منارەی مزگەوتی ئاغاوات) کە دەکەوێتە نزیک پردی کۆن و مێژووییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٨٠٠ ساڵ لەمەوبەر، تایبەتکراوە بە فرۆشتنی کەرەستە و کەلوپەلی چاندن و دەروێنەکردن، ھەروەھا چەقۆتیژکردن.
یەکێک لەو کەسانەی کە کاری پیشەی چەقۆتیژکردن دەکەن لە شاری مووسڵ، ریاز نعمەتوڵڵا-یە کە دوکانەکەی بەھەوڵ و توانای خۆی لە بازاڕی ئاسنگەران نۆژەنکردەوە، ئەوەیش دوای ئەوەی بازاڕەکە لە میانی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ لە دەستی داعش، خاپووکرا.
ریاز نعمەتوڵڵا لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوەکرد کە شاری مووسڵ بە چەندین پیشە و کاری دەستی ناوبانگە و ئاماژەی بەوەیشدا کە بازاڕی ئاسنگەران یەکێکە لە بازاڕە کۆنەکانی شارەکە و گوتی: "ماوەی ٣٥ ساڵە لەسەر پیشەی چەقۆتیژکردن بەردەوامم کە لە باوک و مامەکانم بۆم ماوەتەوە".
گوتیشی: "پیشەکەم تایبەتە بە تیژکردنی ھەموو جۆرەکانی چەقۆ بە تایبەتیش چەقۆی قەسابەکان لەگەڵ مەقەست، خەڵکێکی زۆر لە شاری مووسڵ و قەزا و ناحیەکانی نەینەوا تەنانەت لە پارێزگاکانی دیکەیشەوە بۆ چەقۆتیژکردن سەردانی دوکانەکەم دەکەن، چونکە پیشەکەی من پیشەیەکی دەگمەنە و لەئێستادا، پێنج تا حەوت کەس لە شاری مووسڵ ھەن کە ئەم پیشەیە دەکەن یەکێک لەو کەسانە منم و پیشەوەرانی ئەم پیشەیە، بە ھونەریی و لێھاتووی ئەنجام دەدەن و داھێنانی تیایدا دەکەن".
گوتیشی: "ئێمە لەگەڵ نزیکبوونەوە لە جەژنی قوربان بازاڕمان دەبێت، چونکە لە رۆژانی جەژنی قورباندا، بەھۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر قوربانی دەکات، قەسابەکان بۆ تیژکردنی چەقۆکەکانیان سەردانمان دەکەن".
لەئێستادا ریاز نیعەتوڵڵا پیشەکەیشی فێری چوار منداڵی خۆی کردووە بۆ ئەوەی لە دوای خۆی لەسەری بەردەوامبن و لەناو نەچێت کە بەیەکێک لە پیشە کولتوورییەکانی شاری مووسڵ دادەندرێت.
کوڕە بچووکەکەی ریاز نیعەتوڵڵا بە ناوی حوسێن کە قوتابییە لە پۆلی دووەمی ناوەندیی لە باوکییەوە فێری پیشەی چەقۆتیژکردن بووە و بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پیشەکەم زۆر خۆش دەوێت کە سێ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن باوکمەوە فێربووم و لە پشووی ھاوینەدا، دێمە دوکان و یارمەتی باوکم دەدەم بە تایبەتیش لە کاتی نزیکبوونەوەی جەژنی قورباندا، قەسابێکی زۆر بۆ تیژکردنی چەقۆکانیان سەردانمان دەکەن".
خەڵکێکی زۆر لە شاری مووسڵ، قەزا و ناحیەکانی پارێزگای نەینەوا و لە ھەولێر و دھۆک و پاریزگاکانی دیکەی عێراق بۆ چەقۆتیژکردن سەردانی دوکانەکەی نیعمەتوڵڵا دەکەن، چونکە پیشەی چەقۆتیژکردن لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراقدا نەماوە.
یەکێک لەو کەسانەی کە بەردەوام بۆ چەقۆتیژکردن سەردانی دوکانەکەی نیعمەتوڵڵا دەکات بە ناوی فەھد قەیس بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسەی کرد و گوتی: "ریاز نیعمەتوڵڵا ماوەیەکی زۆرە کاری پیشەی چەقۆتیژکردن لە شاری مووسڵ دەکات کە ھاووڵاتییان لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق سەردانی دەکەن".
فەھد قەیس گوتیشی: "پیشەی چەقۆتیژکردن لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، زۆر کەم ماوە تەنانەت لەئێستادا ژمارەی پیشەوەرانی چەقۆتیژکردنیش لە شاری مووسڵ زۆر کەمە کە لە ١٠ کەس تێپەڕناکات، من یەکێکم لەو کەسانەی کە بەردەوام لە بەشی چەپی مووسڵەوە بۆ چەقۆتیژکردن سەردانی دوکانەکەی ریاز نیعمەتوڵڵا دەکەم".