Haydar Karaalp
14 حوزەیران 2023•نوێکردنەوە: 19 حوزەیران 2023
بەغدا - AA
حوسێن عەبدولموحسین، کە هاووڵاتییەکی عێراقییە، بەهۆی نەداری خێزانەکەیەوە پاشماوەی دارتاشەکان کۆکردووەتەوە و پەیکەریان لێ دروست و فێری پیشەکە بووە.
عەبدولموحسین بەهۆی ئەوەی لە تەمەنێکی بچووکدا دایکی لەدەستداوە ناچاربووە لە پۆلی پێنجی بنەڕەتیدا واز لە خوێندن بهێنێت و لە تەمەنی منداڵیدا بڕیاریداوە ببێتە پەیکەرتاش، سەرەتا پاشماوەی ئەو دارانەی لە بەرودراوسێ کۆدەکردەوە کە فڕێیان دەدا، پاشان لە دارتاشەکانی کۆدەکردەوە، بەوەیش یەکەم یەنگاوی بەرەو هونەرەکەی ناوە.
ئەم گەنجە بەغدادیە تەمەن ٢٩ ساڵانە کە نازناوی حوسێنی پەیکەرتاشی لێنراوە، لە رێگەی ئەو وەرشەیەی لەم دواییانەدا کردوویەتیەوە هەوڵ دەدات پەرە بە هونەرەکەی بدات.
حسێن لە پاڵ زمانی دایکی کە عەرەبیە زمانی فارسی بە باشی دەزانێت و ئاستی زمانی ئینگلیزی مامناوەندە و کەمێکیش تورکی دەزانێت.
لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەم هونەرمەندە بەغدادیە، باسی لە قۆناغی سەختی منداڵی و فێربوونی هونەرەکەی کرد.
حوسێن باسی لەوە کرد کە لە تەمەنێکی منداڵییدا دایکی لەدەستداوە و گوتی: ''کاتێک منداڵ بوون دایکم کۆچی دوایی کرد، خوای گەورە لەو سایەیەوە دەرگای هونەرێکی گەورەی لێکردمەوە''.
هەروەها حوسێن باسی لەوە کرد کە لە منداڵیدا چەرمەسەری زۆری بەسەردا هاتووە و گوتی: ''بۆ ئەم هونەرە دارم نەدەکڕی، بەڵکو ئەو دارانەی دراوسێکان بەکاریان نەدەهێنا و دارتاشەکان فڕێیان دەدا کۆمدەکردنەوە و بەبەکارهێنانەوەیان فێری هونەرەکە بووم. پێش پیشەی پەیکەرتاشی، لە گۆشەیەکی ماڵەوە دەستم بە فێربوون و داهێنان کرد. سوپاس بۆ خوا پێشوەچوونم بە خۆوە بینی هەرچەندە توانای مادییشم باش نەبوو. ئەم پیشەیە کە لە منداڵیەوە بووەتە خولیام ئیدی لە وەرشەکەی خۆمدا بە ئەنجامی دەگەیەنم. بەهۆی چەند بەرهەمێکمەوە کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتییدا بڵاوکرایەوە ناسرام و زوو سەرکەوتنم بەدەستهێنا''.
ئەم گەنجە عێراقییە پاش ئەوەی لە عێراق بەشداری چەند پێشانگایەکی کردووە، هاوکات بەشداری لەو چەند پێشانگایەکدا کردووە کە لە لوبنان و ئیمارات کراونەتەوە، باسی لەوەیش کرد کە گەورەترین بەرهەمی کاری نەخشاندنبووە بە درێژی سێ مەتر کە بۆ دیواری کڵێسایەکی کردووە لە بەغدا.
حوسێن ئەوەیشی خستەڕوو کە لە پاڵ کاری پەیکەرتاشیدا خەریکی کەمان ژەنینیشە.
14.06.2023 گەنجێکی عێراقی لە پاشماوەی داری فڕێدراو پەیکەر دروست دەکات
حوسێن عەبدولموحسین، کە هاووڵاتییەکی عێراقییە، بەهۆی نەداری خێزانەکەیەوە پاشماوەی دارتاشەکان کۆکردووەتەوە و پەیکەریان لێ دروست و فێری پیشەکە بووە.