ئیستەنبوڵ
یانەی یوڤانتوسی ئیتاڵی دوا راھێنانی بۆ یارییەکەی ئەمڕۆی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا ئەنجامدا.
یانە ئیتاڵییەکە ئەمڕۆ سەعات ١٠:٤٥ بەکاتی ھەولێر رووبەڕووی گەڵاتەسەرای تورکی دەبێتەوە.
راھێنەری یانەی یوڤانتوس ئەنتۆنیۆ کۆنتی لە ناو یاریگای تورک تیلیکۆم ئارێنا ئامادە بوو، دوای راھێنان و خۆگەرمکردنەوە راھێنانی لەسەر شێوازەکانی گواستنەوەی تۆپ بە یاریزانان دەکرد.
راھێنانی یانە ئیتاڵییەکە تەنیا بۆ ماوەی ١٥ دەقیقە کراوە بوو بۆ رۆژنامەوانان.
دوای ئەوە چەند دەقیقەیەک راھێنان لەسەر تەکنیکی یارییەکەی ئەمڕۆ کراو پاشان یاریزانان و دەستەی تەکنیکی یانەی یوڤانتوس گەڕانەوە ھۆتێلەکەیان.
بڕیارە سەعات ١٠:٤٥ی ئەم ئێوارەیە سێ شەممە ھەردوو یانە لەیاریگای تورک تیلیکۆم ئارێنای شاری ئیستەنبوڵ، لەمیانی یارییەکانی گرووپی B خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا رووبەڕووی یەکتر ببنەوە.