ھەولێر
ئەمرۆ دووشەممە ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣، لە حەفتەی شەشەمی خولی نایابی عێراقی، یانەی ھەولێر میوانداریی یانەی مەسافی وەسەتی کرد و یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێ بەرامبەر لێ بردەوە.
یارییەکە لە کەشوھەوایەکی ساردی ھەتاوی دەستی پێکرد، ھێشتا چیمەنی یاریگا وشک نەبووبۆوە لەو بارانەی بەسەریدا باریبوو.
دوای ئەوەی تۆپەکە لەلایەن یاریزانانی ھەردوو لا لە ھێڵی ناوەڕاست دەگوێزرایەوە، ھێرشبەری یانەی ھەولێر ئەمجەد رازی لە دەقیقەی ٩ گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد و ھەولێری بە گۆڵێک پێشخست.
یارییەکە لە ئاستێکی مامناوەندی خۆی بینییەوە تا ئەو کاتەی ھێرشێکی مەترسیدار لە باڵی راستەوە کرایە سەر یانەی میوان و یاریزان ھاوار مەلا محەمەدی بەرامبەر گۆڵچی ھێڵایەوە، بەڵام گۆڵچی بووە ئاستەنگ لەبەردەم لێدانەکەی ھاوارو تۆپەکەی دەرھێنا.
لە گێمی یەکەمدا ھێرشبەرانی یانەی مەسافی بێدەنگ بوون، ئەوە نەبێ دوو لێدانیان لە دەقیقەکانی ٣٥ و ٣٩ ئاراستەی گۆڵی سەرھەنگ موحسین کرد، بەڵام ھیچیان بەگوێرەی پێویست نەبوون.
راھێنەری یانەی ھەولێر لە دەقیقەی ٤٣ دا یاریزان ھاوار مەلا محەمەدی ھێنایە دەرەوەو دیار ئەحمەدی خستە شوێنی.
گێمی یەکەم بە گۆڵێکی بێ بەرامبەر لە بەرژەوەندیی یانەی ھەولێر تەواو بوو.
لە ١٥ دەقیقەی گێمی دووەمدا یاریزانانی مەسافی فشاریان خستە سەر گۆڵی یانەی ھەولێر چەند ھەلێکیان رەخساند بەڵام نەیانتوانی گۆڵ تۆمار بکەن.
لە دەقیقەی ٥٦ دوای بەریەککەوتنێکی توند یاریزانی یانەی مەسافی سوڵتان جاسم تووشی پێکان بوو و یاریگای جێھێشت.
دوای ماوەیەک بێدەنگی یانەی ھەولێر دەستیان بە ھێرش کردو توانیان ھێڵی بەرگریی یانەی مەسافی ھیلاک بکەن، لە دەقیقەکانی ٥٠ یاریزان دیار لێدانێکی مەترسیداری ئاراستەی گۆڵی مەسافی کرد، گۆڵچی تۆپەکەی خستە کۆرنا، تەنیا چەند دەقیقەیەک دوای ئەو ھێرشە یاریزان لوئەی لێدانێکی دیکەی ئاراستەی گۆڵ کرد بەڵام بەر ستوونی گۆڵ کەوت و گەڕایەوە.
لە دەقیقەی ٦٠ یاریزانی ھەولێر میران خەسرۆ لەشوێنی یاریزان سەیف سەلمان ھاتە ناو یاریگا. راھێنەری یانەی ھەولێر لە دەقیقەی ٧٦ سێیەم گۆڕانکاریی ئەنجام دا دوای ئەوەی کۆسرەت بایزی خستە شوێنی نەدیم سەباغ.
یاریزانانی یانەی میوان چەند ھەلێکیان لەدەستدا بەتایبەتی لە دەقیقەی ٨٢ دوای ئەوەی تۆپەکە سەرھەنگ محسینی گۆڵچیشی تێپەڕ کردبوو لەلایەن ھێرشبەری یانەی مەسافییەوە فەوتێنرا.
لە دەقیقەی ٩٢ دا یاریزان ئەمجەد رازی بە ھێرشێکی پێچەوانە گۆڵی دووەمی خۆی و یانەکەی تۆمار کرد و ئەنجامەکەی گۆڕی بۆ ٢-٠ لە بەرژەوەندیی یانەی ھەولێر و یارییەکە بەم ئەنجامە تەواو بوو.
یانەی ھەولێر بەو سەرکەوتنە کۆی خاڵەکانی بۆ ١٤ خاڵ بەرزکردەوە، بە جیاوازی گۆڵ لە پلەی دووەمی خولی نایابی عێراقدایە.