مەدرید
یاریزانان کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئیکەر کاسیاس، ئەنخێل دیماریا، کەریم بنزیما، مارسیلۆ، لۆکا مۆدریچ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا، ھەڵسەنگاندنیان بۆ تیروپشک و رووبەرووبوونەوەکانی مۆندیال کرد.
ئەستێرەی گۆڵکاری شاھانە کریستیانۆ رۆناڵدۆ گوتی: "لەبەر ئەوەی ئەوکات خەوتبووم بە شێوەیەکی راستەخۆ تیروپشکی مۆندیالم نەبینی، ئەڵمانیا تیپێکی بەھێزەو ھەمیشە پاڵێوراوە بۆ نازناوەکان، بەڵام گروپەکە بۆ ھەڵبژاردەی پرتوگال سەخت نییە و لەو بڕوایەدام بە ئاسانی بگەینە قۆناغی شازدە."
رۆناڵدۆ بەڵێنی بە ھاندەرانی دا ئەوەی لەدەستی بێ دەیکا و بەمجۆرە بەردەوامبوو لە قسەکانی: "بە یەک چاو سەیری ھەموو یارییەکان ناکەم، چونکە تیپی بەرامبەر ھەموو کاتێ ھەمان رەنگ نییەو جۆراو جۆرە. ھەوڵی تەواوم دەخەمە ناو یاریگاو ئەوەی پێم بکرێ لە گۆڵ تۆمارکردن و یاریدەدانی تیپەکەم بۆ سەرکەوتن سڵی لێ ناکەمەوە، باشترین تیپ دەبێتە پاڵەوانی جیھان، ھیوادارم پرتوگال یەکێ لە باشترین تیپەکانی جیھان بێ."
یەکێ لە رۆژنامەنووسان لە رۆناڵدۆی پرسی: دوا جامی جیھانی لەلایەن کاسیاسی ھاوڕێتەوە بەرزکراوەتەوە، ھیچ کات پرسیاری ھەستی بەرزکردنەوەی ئەو جامەت لێکردووە؟
رۆناڵدۆ وەڵامی دایەوە: "پێویستناکا ئەو پرسیارە لەمن بکەی، چونکە کەسێکی عاقڵم و تێدەگەم ئەوەی کاسیاس بەرزی کردەوە چی بوو و چ خۆشییەکی بەخشییە کاسیاس و ھاوڕێیانی لە ھەڵبژاردەی ئیسپانیا، ئەوە گەورەترین بەختەوەرییە لە ژیان، خەون و خەیاڵی من گەیشتن بەو بەختەوەرییەیە، بەڵام پێویستمان بە کۆششی زۆرتر ھەیە، سەرکەوتن لە گروپەکەماندا، دواتریش پلان دارێژی بۆ یارییەکانی دیکە."
گۆڵچیی یانەی ریال مەدریدو ھەڵبژاردەی ئیسپانیا کە پاڵەوانی مۆندیالی رابردوون ئیکەر کاسیاس گوتی: "بەدەستھێنانی جامی جیھانی ئاسان نییە، بەڵام ھەوڵی تەواو دەدەین بۆ پاراستنی نازناوەکە لای خۆمان، لە گرووپێکی زەحمەتداین، بۆیە دەبێ بە وریاییەوە یاری بکەین و سوود لە ئەزموونی رابردوو وەرگرین، بەھیچ شێوەیەک بێزاری و سڵەمینەوە بەسەرماندا زاڵ نەکەین."
کاسیاس وەڵامی پرسیارە کەسییەکانی نەدایەوەو گوتی ھێشتا ماوەیەکی زۆریان لەبەردەمدایە بۆ مۆندیال و کاتی ئەوە نییە وردەکارییەکان باسیان لێوەبکرێ.
یاریزانی بەرازیلی مارسیلۆ گوتی: "یارییەکانی جامی جیھانی ھیچ کات بۆ ھیچ تیپێک ئاسان نەبوو، پێویستە لە یارییەکانی گرووپدا سەرەتایەکی باش و نمایشێکی جوان پێشکەش بە ھاندەرانمان ببکەین، چونکە ئێمە خانەخوێی مۆندیالین و سەرکەوتن ئەرکی سەرشانمانە."
مارسیلۆ ھەروەھا گوتی: "سەرباری ئەوەی ھەڵبژاردەی ئیسپانیا پاڵەوانی رابردووەو خاوەن تیپێکی بەھێزە، بەڵام بەرازیل ئەو ھەڵبژاردەیەی بە رکابەری سەرەکی دانەناوە."
یاریزانی ھێڵی ناوەراست ئەنخێل دیماریای ئەرجەنتینی گوتی: "بەڕێوەچوونی مۆندیال لە ئەمریکای باشوور گرنگییەکی زۆری بۆ ئێمە ھەیە."
یاریزانی فەرەنسی کەریم بنزیما کە یەکەم مۆندیالە بەشداری دەکات گوتی " لە تیروپشکدا بەخت یاوەرمان بوو، گرووپپەکەمان زەحمەت نییە بەڵام ئەوە مانای ئاسانی ناگەیەنێ و پێویستە تەواو خۆمان ماندوو بکەین. ئامانجمان گەیشتنە بە بەرزترین لوتکەی مۆندیال".
یاریزانی کرواتی مۆدریچ گوتی: "بۆ یەکەمجار لە یاریی کردنەوەی مۆندیال بەشداری دەکەین کە ئەوە یەکەم یاریی من دەبێ لەو کەشوھەوایەدا. ھەوڵدەدەین جوانترین ئاست پێشکەش بکەین."
دوای کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە ھەریەک لە یاریزانان ئاماژەیان بە دروشمی ھەڵبژاردەکەیان دا.