مەککە
بۆ پاراستنی ئاسایش و ئەمنیەتی ئەو حاجییانە کە روویان لە کەعبە کردووە، ناوەندێکی تایبەتی پاراستنی ئاسایش بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو دامەزراوە و بێجگە لەو ناوەندە ٩٠ ھەزار پۆلیسیش بۆ پاراستنی ئەمنیەتی حاجییان راسپێردراوون.
لە مەراسیمێکدا بەرپرسانی ئەمنی مینا، سیستەمی نوێی چاودێرییان بۆ رۆژنامەنووسەکان خستە روو، بە پێ ئەو سیستەمە نوێیە چوار ھەزار و ٥٠٠ کامێرای پێشکەوتووی چاودێری لە چوار دەوری مینا جێگیرکراون و ھەڵسوکەوتی دوو ملیۆن ٥٠٠ھەزار موسڵمان کە بە مەبەستی بەجێگەیاندنی حەج روویان لە کەعبە کردووە، چرکە بە چرکە تۆمار دەکەن.
ئەو دێمەنانە کە تۆمار دەکرێن ڕەوانەی ژووری چاودێری دەکرێن و بە چەندین کۆمپیۆتەری گەورە دەبەسترێنەوە و لە رێگای کۆمپیۆتەرەکانەوە جموجووڵی ناوچەکە دەخرێتە ژێر چاودێرییەوە.
ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو گرنگییەکی زۆر بە ئەمنیەتی نێو مێترۆ و تونێلەکانیش دراوە و لە سایەی سیستەمی چاودێریدا ئەوان دەزانن لە یەک خۆلەکدا چەند کەس سواری مێترۆ بوون و لە تونێلەکاندا تێپەڕبوونە یان نە.
فەرماندەی ناوەندی ئەمنی ژەنەراڵ (عەلی زاھرانی) و سەرۆکی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان ژەنەراڵ (محەمەد العامری) رایانگەیاند: پاراستنی ئەمنیەت بۆ ئێمە زۆر گرنگە، بۆیە ئەو بەرنامانەی کە بۆ دابینکردنی ئاسایش و ئەمنیەتی حاجییان دانراوە، بە شێوەیەکی زۆر رێک و پێک جێبەجێ دەکرێ.