Heman Hussein Yaseen
07 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 09 ئەیلوول 2020
هەولێر - AA
ئەمیر و ئەمیرە ئەو برا و خوشکە ئێزدییە رفێنراوەن کە داعش ناوی گۆڕیبوون بۆ ئەحمەد و ئایە رۆژی شەممەی رابردوو لەدوای شەش ساڵ لە رفاندنیان گەڕانەوە نێو کەسوکاریان و زمانی دایکیشیان بیرچووەتەوە.
لە پەلامارە تیرۆریستییەکەی سێی ئابی ٢٠١٤دا، تیرۆریستانی داعش کۆمەڵکوژیان دژبە ئێزدییەکان ئەنجام دا و لەو کاتەیش برا و خوشکێک بەناوەکانی ئەمیر، تەمەن چوار ساڵ و ئەمیرە تەمەن پێنج ساڵ، بە زیندوویی براونەتە تەلەعفەر و مووسڵ و لەوێ زیندانی کراون و دواتر براونەتە سووریا و لەوێ فرۆشراون.
دوای چەندین ساڵ دابڕان لە خێزان و کەسوکاریان، رۆژی شەممەی رابردوو، ئەمیری تەمەن ١٠ ساڵ و ئەمیرەی تەمەن ١١ ساڵ، لەگەڵ شاندی یاوەری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە سەردانەکەیاندا بۆ ئەنقەرە، گەڕێندرانەوە ھەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر رادەستی کەسوکاریان کرانەوە و دوێنێش یەکشەممە لەلایەن کەسوکاریانەوە بردرانە لالش و لەوێ جارێکی دیکە لە کانی سپی ئاوی زەمزەمیان خواردەوە و رێوڕەسمی تایبەتیان بۆ کرا.

بریکاری میری ئێزدیان، میر جەوھەر عەلی بەگ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ، ھەردوو منداڵەکە، ئەمیر و ئەمیرە لەسەر دەستی بریکاری میر و میرحاج-ی ئێزدیخان پێشوازییان لێ کرا و لە کانی سپی لالشی نورانی ئاوی زمزمیان حەڵاڵ کرد و بە کەسوکاریان شادبوونەوە، ھاتنەوەی ئەم دوو منداڵە ھەموومانی دڵخۆش کرد، بەم بۆنەیە سوپاسی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی دەکەین کە ھەردوو منداڵەکەی لەگەڵ خۆیدا ھێنایەوە، ھەروەھا سوپاسی کۆنسولی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان، ھاکان کاراچای و حکوومەتی تورکیا دەکەین، ھیوادارین حکوومەتی تورکیا ھاوکارمان بێت لە دۆزینەوەی ونبووەکانی دیکەیش".

بریکاری میری ئێزدیان، میر جەوھەر عەلی بەگ گوتیشی: "لەبەر بابەتی کۆرۆنا ھیچ کەسمان ئاگادار نەکردووەتەوە کە بێنە لالش، هەربۆیە رێوڕەسمەکە تەنها بە ئامادەبوونی ئێمە و خێزانەکەی بووە، جگە لەوەی کە خۆشحاڵین بە گەڕانەوەیان، ھاوکات بەداخەوەین کە زمانی دایکی خۆیان لەبیر کردووە و ناتوانن قسەی پێ بکەن، چونکە ئەو منداڵانە سەرەتا لە تەلەعفەر و مووسڵ لە زینداندا بوون و دواتر گواستراونەتەوە بۆ سووریا و دواتر خێزانێکی داعش لەگەڵ خۆی بردوونی بۆ تورکیا".
ئەمیر ١٠ ساڵە و ئەمیرە تەمەنی ١١ ساڵە، خەڵکی گوندی گرعوزێر رۆژئاوای شنگالن و لەدوای شەش ساڵ گەڕێندراونەتەوە لای خوشک و مامێکیان، ئەوان تا ئێستاش سێ برا، خوشکێک و دایک و باوکیان چارەنووسیان نادیارە.

لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧دا، خێزانێکی داعش، ھەردوو منداڵەکە 'ئەمیر و ئەمیرە' لەگەڵ خۆیان دەبەن بۆ تورکیا و لەوێ داوایەک پێشکەش بە دادگا دەکەن بۆ ئەوەی ھەردوو منداڵەکە بە ئەندامانی خێزانەکەیان تۆمار بکرێن، بەڵام بەھۆی بوونی گومانەوە، داواکەیان لەلایەن دادگا رەت دەکرێتەوە و حکوومەتی تورکیا ئەرکی بەخێوکردنی منداڵەکان دەگرێتە ئەستۆ و دەیانخاتە ژێر چاودێرییەوە.
لە ئاداری ٢٠١٧دا، خوشکێکی ئەو دوو منداڵە زانیاری پێ دەگات کە ئەمیر و ئەمیرە لە تورکیا نیشتەجێن و بۆ بەدواداچوونی بابەتەکە سەردانی تورکیا دەکات و لەوێ دەیاندۆزێتەوە و دواتر پشکنینی دی ئێن ئەی ئەنجام دەدەن و دەردەچێت کە ئەمیر و ئەمیرە، خوشک و برای ئەون.
خوشکی دوو منداڵەکە، ھەدیە خودێدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "زۆر خۆشحاڵم کە خوشک و برای من گەڕانەوە لە سێی ئابی ٢٠١٤دا کاتێک لەلایەن تیرۆریستانی داعش پەلاماردراین، ھەموو لەیەکتر دابڕاین، دایک و باوکم لەلایەن تیرۆریستانی داعش کوژران، من بەردەوام بەدوای ئەندامانی خێزانەکەمدا دەگەڕام و سێ ساڵ لەمەوبەر زانیمان کە ئەمیر و ئەمیرە لە تورکیان و سەردانی ئەوێم کرد و دۆزیمنەوە، دواتر پشکنینمان بۆ کرا و دەرچوو کە خوشک و برای منن، بەڵام بەهۆی رێکارەکانی دادگا نەمانتوانی بیانگەڕێنینەوە بۆ هەرێمی کوردستان".

ھەدیە خودێدا گوتیشی: "ئەو خوشک و برایەم پێشتر لەدەست داعش بوون و کڕین و فرۆشتنیان پێکرا بوو، دواتر لەلایەن خێزانێکی داعش براونەتە تورکیا لەوێ ویستبوویان ھەردوو منداڵەکە لەسەر ناوی خۆیان تۆمار بکەن، بەڵام بەھۆی جیاوازی زمانیان لە قسەکردن، بۆیە داواکارییەکەیان رەت کرابووەوە و حکوومەتی تورکیا ھەردوو منداڵەکەی گرتبووە ئەستۆ و خستبوونیە بەر خوێندن تا دۆسیەکەیان لە دادگا تەواو بوو، بەخۆشحاڵییەوە رۆژی شەممە لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گەڕانەوە ھەولێر و ئەمڕۆش ئێمە بە دیداریان شادبووینەوە".

بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی لە ساڵی ٢٠١٤ەوە، شەش ھەزار و ٤١٧ کوردی ئێزدی ونبوون و تا ئێستا، سێ ھەزار و ٥٣٧ کەس دۆزراونەتەوە و دوو ھەزار و ٨٨٠ کەسیش بێسەروشوێنن.