hemn husain
10 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2016
لە ژێر دروشمی "هەسارەی زەوی 50 بە 50 تا ساڵی 2030هەنگاو دەنێین بەرەو یەکسانی جێندەری" ئەنجوومەنی باڵای خانمان بە ئامادەبوونی نوێنەری رێکخراوی UN کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری لە شاری هەولێر ئەنجامدا و لەم کۆبوونەوەیە ژمارەیەک لە چالاکوانانی بواری ئافرەتان بەشداربوون.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکە ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان پەخشان زەنگەنە تیشکی خستە سەر کاروبارەکانی ئەنجوومەن و هاوکات ئاماژەی بە رێکخراوەکانی نێودەوڵەتیدا بۆ هاوکاریکردنی باشتربوونی رەوشی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان.
ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای كاروباری خانمان لە ھەرێمی كوردستان پەخشان زەنگەنە لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم کۆبوونەوەیە کۆبوونەوەیەکی راوێژکارییە کە بریتییە لە زنجیرەیەک کۆبوونەوە کە 6ـی ئەم مانگە یەکەم کۆبوونەوەمان لە دهۆک ئەنجامدا و 8ـی مانگ لە سلێمانی هەمان کۆبوونەوەمان ئەنجامدا و ئەمڕۆش لە شاری هەولێر بۆ ئەم مەبەستە کۆبووینەتەوە".
پەخشان زەنگەنە گوتیشی: "لە کۆتایی ساڵی 2015 پلانی ئەنجوومەنی کاروباری خانمان داڕێژرا بۆ 5 ساڵی داهاتوو بە هاوکاری و وەرگرتنی بۆچوونی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئێستاش ئەم پلانە راوێژ دەکەین لەگەڵ رێکخراوەکان و لایەنە پەیوەنددارەکان بۆ ئەوەی بزانین بەپێی ئەم بارودۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستان کامە پرۆژە ئەولەویەتی زیاترە بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکەین بە هاوکاری رێکخراوە نێوەدەوڵەتییەکان و ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان".
لەبارەی ئەوەی کە ئایا کامە پڕۆژە ئەولەویەتی زیاتری پێدەدرێت، پەخشان زەنگەنە گوتی: "لە راستیدا چەند پرۆژەیەک هەیە وەکو تواناسازی ئافرەتان لە بواری ئابووری بە تایبەت لەم دۆخە ناسەقامگیرییە ئابوورییەی ئێستا و لەگەڵ هەندێک لە رێکخراوەکانی نێودەوڵەتی و بانکی نێودەوڵەتی و ژووری بازرگانی قسەمان کردووە بۆ ئەوەی ئافرەت بتوانێت ئابوورییەکی سەربەخۆی هەبێت و ئەوان تا چەند دەتوانن هاوکاریمان بکەن".
ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان پەروین حەسەن دوای پیرۆزبایی کردن لە ژنانی کوردستان بەبۆنەی 8 ی مارس و لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمە زنجیرە کۆبوونەوەیەکە کە ئەنجوومەنی باڵای خانمان ئەنجامی دەدات و کۆبوونەوەیەکی راوێژکارییە لەگەڵ وەزارەتە پەیوەنددارەکان و بۆ ئەم مەبەستەش بە هۆی قەیرانی دارایی ناتوانین لە هەموو ناوچەکانی کوردستان ئەم کۆبوونەوەیە ئەنجام بدەین بەڵام لەبەر ئەوەی پارێزگای هەڵەبجە تازە بووە بە پارێزگا بۆیە لەوێش کۆبوونەوەیەکی هاوشێوە ئەنجام دەدەین".
سەبارەت بە ئامانج و ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە، پەروین حەسەن ئاماژە بە پلانێکی درێژخایەن دەکات و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "پێشتر ئێمە پلانی کارمان بۆ 4 ساڵ دادەنا و ئەم کۆبوونەوەیە بریتییە لە دانانی پلانێکی 5 ساڵە و ئەمەش کۆمەڵێک تەوەری سەرەکی هەیە کە دەبێتە ئەولەویەتی پلانەکانی ئێمە".
لەبارەی پلانی رابردوویان و ئەولەویەتی کارەکانییان پەروین حەسەن پێی وایە لە ساڵانی رابردوو هەوڵدراوە کە ژن بخرێتە ناوەندەکانی بڕیاردان و یەکسانی جێندەریش بەشێکی ئەولەویەتی پلانەکانی رابردووبووە و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ئێمە ساڵانی پێشوو سێ ئەولەویەتمان هەبووە، ئەوانیش بریتیی بوو لەوەی چۆن ژن بتوانێت بچێتە ناوەندەکانی بڕیاردان و چۆن کار لەسەر جبەجێکردنی یاساکان بکەین و لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵدراوە یەکسانی جێندەری هەبێت، بەڵام لە ئێستادا پلانی 5 ساڵە دادەنێین و لەگەڵ ئەوەشدا ئەولەویەتەکانی دیکەمان خستووەتە ناو بەرنامەی کارەکانمان".
پەروین حەسەن گوتیشی: "بۆ ساڵی 2020 دوو ئەولەویەتمان زیادکردووە ئەوانیش بریتین لە کاراکردنی ژنان و واتا چۆن بتوانین ژنان توانا و هێزیان هەبێت، ئەولەویەتێکی دیکە بریتییە لە یارمەتیدانی ژنانی ئێزدی و ئاوارەکان چونکە دەزانین ئەو ژنانە بە چ قۆناغێکی سەختدا تێپەڕیوون، بۆ ئەم مەبەستەش هەماهەنگیمان لەگەڵ لایەنی حکوومەتدا هەیە وەکو وەزارەتی پەروەردە، تەندروستی، پلاندانان و کۆمەڵێک لایەنی دیکە بۆ ئەوەی بتوانین بە شێوەیەکی تۆکمە کارەکانمان ئەنجام بدەین".
سەبارەت بە رێژەی توندوتیژی دژ بە ژنان بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوودا، پەروین حەسەن پێی وایە ئەم رێژەیە لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازی هەیە و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "دەکرێ لە ناوچەیەک زیادی کردبێت و لە ناوچەیەکیش کەمی کردبێت، بۆیە ئێمە بەردەوام لە پەیوەندین لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە، چونکە کارکردن لەسەر بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی تەنیا ئەرکی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان نیە و بەڵکو لەسەر هەموو تاکێکی کۆمەڵگا پێویستە هۆشیاری ئەوەی هەبێت و رێگری لە توندوتیژی دژ بە ئافرەتان بکات".