Mesut Varol
15 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 19 حوزەیران 2022
وان – AA
"هاچوڤان" کە یەکێکە لەو بێچووە ورچانەی بەهۆی ئەوەی لە هەکاری لە دایکی دابڕاوە، وەک پێویست خۆراکی نەخواردووە و بە مەبەستی چارەسەرکردنی پزیشکی هێندراوەتە وان، بۆ ئەوەی لە شوێنێکی تایبەت بەردەوامی بە ژیان بدات رەوانەی پەناگەی ورچەکانی بورسا دەکرێت.
ئاگالێبوون و چاودێریکردنی ئەم بێچووە ورچە کە لە ١٩ی نیسان بە لاوازی و بێتاقەتی دۆزرایەوە و رادەستی تیمەکانی هۆبەی ١٤ی بەڕێوەبەرایەتی ژیانی سروشتی و پارکە نیشتمانییەکان کرا، بەردەوامە.
ئەم بێچووە ورچە کە لە بنکەی چارەسەرکردن و پاراستنی گیانلەبەرە کێوییەکانی زانکۆی یوزونجویڵ/وان چارەسەری وەردەگرێت سێ کاتژمێر جارێک تێکەڵەیەکی دەدرێتێ کە لە شیر، هەنگوین و دژەزیندەکان پێک هاتووە. شەو و رۆژ ئەو بێچووە ورچە لەلایەن پزیشکانی ڤێرتێرنەرییەوە چاودێری دەکرێت.
لە کاتی دیاریکراودا ئەم بێچووە ورچە دەبردرێتە باخچەی بنکەکە و بەهۆی ئەوەی چووەتە ناو قۆناغی خواردنی خۆراکی رەق دەگوازرێتەوە پەناگەی ورچەکان کە سەر بە بنکەی چارەسەرکردن و رزگارکردنی گیانلەبەرە کێوییەکانی ئۆڤاکۆروسو جەلال ئاجارە لە بورسا.
سەرۆکی بنکەی چارەسەرکردن و پاراستنی گیانلەبەرە کێوییەکانی زانکۆی یوزونجویڵ/وان، پڕۆفیسۆر دکتۆر لوقمان ئاسمان بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە دوای دۆزینەوەی بێچووە ورچەکە هەوڵی زۆریان دا دایکی بدۆزنەوە بەڵام هەوڵەکانیان بێئەنجام بوون، گوتی: "کە دۆزیمانەوە زۆر لاواز و بێتاقەت بوو، بەرە بەرە هاتەوە سەر خۆی. قۆناغی چاودێری تایبەت تەواو بووە. لەمەودوا پێویستە لە شوێنێکی تایبەت بەردەوامی بە ژیان بدات".