Azad Muhammad
27 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 31 تشرینی یەکەم 2017
هەولێر – AA
بە دروشمى "بەڵێ بۆ ئاشتى و پێکەوەژیان و نەخێر بۆ توندوتيژى و داگیرکردنى هەرێمى کوردستان" شەشەمین ماراسۆنى نێودەوڵەتى هەولێر بە بەشدارى زیاتر لە دوو هەزار کەس كە چەندین هاووڵاتى بیانى و بەرپرسانى هەریەکە لە کۆنسوڵخانەکانی ئەڵمانیا و هەنگاریا بەڕێوەچوو.
سەرۆکى رێکخراوى ئەربیل ماراسۆن، عەبدولستار عیسمەت لە لێدوانێکى لەبارەى شەشەمین ماراسۆنى نێودەوڵەتى هەولێر بۆ ئاژانسى ئانادۆڵۆ گوتى: "هاوشێوەى ساڵانى رابردوو ئەمساڵیش ماراسۆنى نێودەوڵەتى هەولێر دوو جۆر راکردن بەخۆیەوە دەگرێت، ئەوانیش پێک دێن لە راکردن بە درێژایی پێنج کیلۆمەتر کە هەموو چین و توێژەکانى کۆمەڵگە بۆیان هەبوو بەشدار بن و مەبەستیشمان تەندروستى و ئارامى هاووڵاتییان بوو، و هەورەها راکردن بە درێژایی ١٠ کیلۆمەتر تایبەتە بۆ وەرزشوانان، تێیدا یەکەم و دووەم و سێیەم لەسەر ئاستى ماراسۆنەکە خەڵات دەکرێن و بەهاى کۆى خەڵاتەکان نزیکەى چوار هەزار دۆلار دەبێت".
سەرۆکى رێکخراوى ئەربیل ماراسۆن باس لە جیاوازى شەشەمین ماراسۆنى نێودەوڵەتى هەولێر دەکات لەگەڵ ماراسۆنەکانى رابردوو و دەڵێت "جیاوازى شەشەمین ماراسۆنى نێودەوڵەتى هەولێر لەوەدایە کە ئەمساڵ هەرێمى کوردستان بە دۆخێکى هەستیار و ناهەمواردا تێپەڕ دەبێت، لە کاتێکدایە کە هەرێمى کوردستان رووبەڕووى شەڕ و داگیرکاری بووەتەوە، بۆیە ئێمە بە باشترمانزانى کە بەهیچ شێوەیەک وەرزش و ژیانى ئاسایی هاووڵاتییان نەوەستێت، هەروەها لە رێگەى ئەم ماراسۆنەوە پەیامى بەڵێ بۆ ئاشتى و پێکەوەژیان و نەخێر بۆ توندوتيژى و داگیرکردنى هەرێمى کوردستان بە هەموو جیهان بگەیەنین".
جێی ئاماژەیە یەکەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی لە شاری هەولێر لە ساڵی 2009 بەڕێوەچوو،ئەوەی ئەمڕۆش شەشەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتیی بوو کە لەو شارە ئەنجام بدرێت.