Abdulhameed Husseın Karam
09 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 12 تەمووز 2022
ھەولێر- AA
بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە نوێژخوێنان و موسڵمانان رێوڕهسمی نوێژی جەژن لە مزگەوتەکانی ھەولێر بەڕێوەچوو.
له بەیانی یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا له مزگەوتی جەلیل خەیات یەکێکە لە مزگەوتە ناسراوەکانی ھەولێر کە خەڵکی بۆ نوێژ و ئەرکە ئاینییەکانیان تێیدا کۆدەبنەوە، سەدان کەس لەو مزگهوته له رێوڕهسمی جەژندا بەشداربوون.
پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتەکە، بەشیر حەداد لە گوتاری نوێژی جهژندا باسی لە حیکمەتی قوربانیکردن و قوربانیدان کرد لەپێناو ئەو شتەی مرۆڤ بڕوای پێیەتی، بۆ پشتیوانی لە قسەکانیشی چیرۆکی دروستبوون و بوونە نەریتی ئایینی قوربانی کرد لە دینی ئیسلامدا. ههروهها داوای کرد موسڵمانان پەند لەو ئامۆژگریانە وەربگرن لە بەر ئەوەی جەژنی قوربان جەژنی قوربانیدانی بەرژەوەندییە تایبەتەکانه لە پێناو بەرژوەندیی گشتیی.
بهشیر حهداد دوای نوێژی جەژن بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا، هیوای خواست جەژن ببێتە مایەی خێر و خۆشی کۆتایی ھاتن بە کێشە و قەیرانەکان، کرانەوەی دەرگای خۆشی و تەبایی و ئاشتی بۆ جیھان، بەتایبەت بۆ ناوچەکە و عێراق و ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا كولتووری تەبایی و ئاشتی و رێز لێگرتن و لێبوردهیی لە ناو خەڵکی بڵاوببێتهوه.