Muhammed Gencebay Gür
09 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 10 تەمووز 2022
ئیستانبوڵ - AA
بەرەبەیانی ئەمڕۆ زۆرێک لە هاووڵاتیانی شاری ئیستانبوڵ بە مەبەستی ئەنجامدانی نوێژی جەژنی قوربان روویان لە مزگەوتەکانی ئەو شارە کرد.
بەشێکی زۆری هاووڵاتییان هەر لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیانەوە روویان لە مزگەوتی ئایاسۆفیا کرد.
سەردانیکەرانی شارەکانی دیکە و دەرەوەی وڵات و هەروەها لە خودی ئەستانبوڵهوە بهر له کاتی نوێژ، مزگەوتەکەیان پڕكرد. ههربۆیه هاووڵاتیان و گەشتیاران لە دەرەوەی مزگەوتەکە ریزیان بەست، لەسەر ئەو بەرماڵانەی کە لەگەڵ خۆیان هێنابوویان، نوێژی جەژنیان ئەنجامدا.
لە مزگەوتی ئایاسۆفیا دوای پێشکەش کردنی گوتارێک لەلایەن گوتاربێژی مزگەوتەکە، فەروخ موشتەور، نزا بۆ موسڵمانانی جیهان کرا.
تیمەکانی سەربە گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ و شارەوانی فاتیح دوای نوێژکردن، شۆربا و ئاویان پێشکەشی موسڵمانان کرد.
هەریەک لە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، مستەفا شەنتۆپ، وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆجیای تورکیا، مستەفا ڤارانک و وەزیری ژێرخان و گەیاندن عادل كارائیسماعیلئۆغڵو و چەندین بەرپرسی باڵای دیکە له مزگەوتی ئایاسۆفیا ئامادەی نوێژی جەژن بوون.

- نوێژی جەژن لە مزگەوتی فاتیح
لەلایەکی دیکەوە ئیستانبوڵییەکان نوێژی جەژنی قوربانیان لە مزگەوتی فاتیح ئەنجامدا کە یەکێکە لە هێما گرنگەکانی شارەکە.
ئەو هاووڵاتیانەی کە دەیانویست نوێژی جەژن لەم مزگەوتەدا ئەنجام بدەن لهگهڵ بەرەبەیان روویان لە مزگەوتەکە کرد.
شارەوانی فاتیح لەو ستاندەی لە حەوشەی مزگەوتەکەدا داینابوو، شۆربا و ئاوی پێشکەشی هاووڵاتیان کرد.
- نوێژی جەژن لە مزگەوتی گەورەی چاملیجا
هاووڵاتیان کە لە زۆربەی شارەکانەوە هاتبوون لەگەڵ منداڵەکانیان روویان لە مزگەوتی گەورەی چاملیجا کرد بۆ ئەنجامدانی نوێژی جەژن. هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیارانی بیانیی بینران کە بۆ ئەنجامدانی نوێژی جەژن دەهاتنە مزگەوتەکە.
لەو گوتارەدا کە دوای نوێژ پێشکەش کرا، زانیاری لەسەر گرنگی قوربانی کردنی ئاژەڵ و ئەوەی پێویستە رەچاو بکرێت، درا.
دوای گوتارەکە، قایمقامی ئوسکودار، موراد سەفا دەمیریورەک جەژنی لە موسڵمانان پیرۆز کرد. دواتر موسڵمانان جەژنە پیرۆزەیان لە یەکتر کرد.