زوممار
رۆژی یەك شەممە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان كاتێك لەناو سەنتەری ناحیەی زوممار دەكشانەوە بۆ دەروازەكانی ئەو ناحێیە لەناو پێشمەرگەكان پیاوێكی ریش و سمێڵ ماش و برنجی شان بەشانی ئەوان دەبینرا.
ئەو خالید رەشیدە، مامۆستایە لە پەیمانگای هونەرەجوانەكانی هەولێر و هونەرمەندێكی ناسراوی كوردە. جگە لە پیشەی مامۆستا هەروەها شێوەكارو پەیكەرسازە و لە چەند فیلم و گۆرانییەك رۆڵی بینیوە.
رەشید لە بەرزاییەكانی نزیك ناحیەی زوممار بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو قسەی كرد و گوتی: "ئەم دۆخەی كە دروست بووە. دەرفەتی ئەوەمان پێدەدا ئەو مێژووەی سەد ساڵ لەمەوبەر كوردی بە ئەمڕۆ گەیاند ئێمە كۆتایی پێبهێنین و خۆمان یەك بخەین". ئەو هونەرمەندە سی و حەوت رۆژە لەبەرەكانی شەڕی پێشمەرگە دژ بە چەكدارانی داعش بووە بە پێشمەرگە، پێیوایە خەڵكی باشوری كوردستان، میللەتێكی جەنگاوەر و ئازاد ژیان و ئازان، مردنیان پێباشە لە جیاتی ئەوەی ژیانێكی درێژیان هەبێ سەربۆ دوژمن شۆڕ بكەن.
خالید رەشید هەروەها بۆ ئانادۆڵو گوتیشی: "رێزم بۆ پارچەكانی تری كوردستان هەیە. دەبێ بزانین هەمیشە لەم خاكە بەرخودان هەبووە، بۆیە ئێستا وەك مامۆستایەك پێم ناخۆشە لە ماڵەوە لەپاڵ ئامێری فێنكەرەوە دانیشم و ئاوی سارد بخۆم و لە كەناڵەكانەوە سەیری دیمەنەكانی شەڕ بكەم خۆشبەختانە شەڕەفی ئەوەم پێبەخشراوە. كە مانگێك و حەوت رۆژە لەناو پێشەرگە و لەناو تەپوتۆز لەجیاتی ئەوەی گوێم لە گۆرانی و موزیك بێ با گوێم لە دەنگی لولەی هاوەن و قەناس و بیكەسی بێ چونكە دەنگی چەكی پێشمەرگە پەیامی سەركەوتنە".
مامۆستا خالید لە ریزەی هێزەكانی پێشمەرگەی فەرماندەیی هەڵگورد چەكی هەڵگرتووە زۆرجاریش بەشداری لە گواستنەوەی ئامێر و كەرەستەی سەربازی دەكات بۆ بەرەكانی جەنگ وەك خۆبەخشێك.
رەشید دەڵێ: "پێمخۆشە بە هەڤاڵانم مامۆستایانی زانكۆ و هونەرمەندان بڵێم با بەس بێ چیتر پیاسەی شەقام و بەسەربردنی كاتەكان لە مۆڵ و بازاڕەكان. خۆ هەڤاڵانی پێشمەرگەش پێیانخۆشە دەستی خێزان و خۆشەویست و كچە هاوڕێكانیان بگرن و بچن پیاسەی پارك بكەن، بەڵام ئیمڕۆ كە دەستیان بردۆتە چەك و منیش لەگەڵیانم ئەمە ئەركی نەتەوەییە دەبێ جێبەجێی بكەین". خالید رەشید پێیوایە بەرەكانی جەنگ و هاوكاری پێشمەرگە و شەڕ دژی چەكدارانی داعش "شەڕەفە.. سبەینێ لە جیاتی ئەوەی خەڵك جەنگمان بۆ بگێڕیتەوە، با خۆمان بۆ خەڵكی بگێڕینەوە".
ئەو هونەرمەندەی كورد بەرەكانی شەڕ بە شانۆی ژیان و بەرخودان و پیاوەتی ناو دەبا و بانگەوازی هونەرمەندانی كورد دەكات و دەڵێ: "ئەوەی كە دێتە ئەم جەنگە و بەرگری لە خاكی كوردستان دەكات، رێز لە خوێنی 180 هەزار ئەنفال و رێز لە خوێنی 8 هەزار گوڵاڵە سورەی دەڤەرەی بارزان و 5 هەزار پەپولەی هەڵەبجە دەگرێ".
سەبارەت بەچەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی كە بەداعش ناسراون. بۆ نزیكەی دوومانگە لەدژی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان شەڕ دەكەن.
ئەو هونەرمەندە وەها پێناسەیان دەكات و دەڵێ: "داعش، بەناوی ئیسلام و بەناوی خواپەرەستی هاتوون كوردیان وەك مرۆڤ و وەكو ئیسلام قەبووڵ نییە و شەڕیان پێدەفرۆشن. رەشید گوتیشی: "داعش خۆیان دەتەقێننەوە، رێز لە خۆیان ناگرن ئیتر چۆن ئێمەی كورد و پێشمەرگە رێزیان لێ بگرین".
خالید رەشید باسی چوونیان بۆ ناو ناحیەی زوممار دەكات و گوتی "ئێمە چووینەتە ناو ناحیەكە كەچی چەكدارانی داعش بە ناشرینترین شێوە خۆیان دەتەقێننەوە. كشانەوەمان لەو ناحیە بۆ ئەوە بووە، كە نامانەوێ ئازیزەكانمان بەئاسانی ببنە خۆراكی دوژمن لە ئایندەیەكی نزیك سەركەوتنی نوێ تۆمار دەكەین".