سلێمانی
ئەمڕۆ سێشەممە لە دیوانی پارێزگای سلێمانی كۆبونەوەیەكی تایبەت لەگەڵ رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان و رێكخراوەكانی سەر بە UN لەبارەی رەوشی ئاوارەكان لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئەنجامدرا.
دوای كۆبونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا پارێزگاری سلێمانی بەهرۆز حەمەساڵح گوتی:" لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆمان كرد لەسەر ئەوەی چۆن بتوانین هاوكاری ئاوارەكان بكەین و لە ناو شارەكانەوە بگوازرێنەوە بۆ كەمپەكان و شوێنی نیشتەجێبون و خواردن و خوێندنگەو چاودێری تەندروستییان بۆ دابین بكرێ".
بەهرۆز حەمەساڵح گوتی:" داوامان لە رێكخراوەكانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان كردووە، پرس بە بەرپرسانی سەروی خۆیان بكەن بۆ شێوازی هاوكاریی ئاوارەكان و وەڵام دانەوەمان".
یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دیندار زێباری گوتی:"حكومەتی عێراقی نەك هاوكاری ئاوارەكان ناكا بەڵكو ئاستەنگیشی دروست كردووە لەبەردەم گەیشتنی هاوكارییە نێودەوڵەتییەكان، ئێستا لە گفتوگۆداین تاوەكو حكومەتی عێراقی بێتە سەرخەت بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری بە ئاوارەكان".
ئاماژەی كرد بەوەی هاوكارییە نێودەوڵەتییەكان لەو ئاستەدا نییە لەگەڵ ژمارەی ئاوارەكان بگونجێ كە زیاتر لە یەك ملیۆن كەسن و ئەو هاوكارییانەشی كراون بە شێوەیەكی كاتی بووە.
زێباری گوتی:" داواكاری ئێمە لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چارەسەری سیاسی كێشەی ئاوارەكان و گەڕاندنەوەیانە بۆ ناوچەكانی خۆیان، بڕیارە بەمزوانەش ئەنجومەنی ئاسایش و ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤ كۆببنەوە بۆ باسكردنی چۆنێتی پاراستنی مافی كەمە نەتەوەكان".