hemn husain
17 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 19 حوزەیران 2016
هەبوونی شەڕ، هەلی دەربازبوونی خەڵکی سڤیل زیاتر دەکات، بە هۆی هەبوونی شەڕی بەردەوام لە نێوان تیرۆریستەکانی داعش و هێزەکانی هاوپەیمانان و سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە، رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی ئەو ئاوارانە زیاد دەکات کە لە ژێر دەسەڵاتی داعش خۆیان دەگەیەننە دەست هێزەکانی پێشمەرگە بەتایبەتی لە سنووری میحوەری مەخموور، فەرماندەیەکی ئەو میحوەرەش ئاماژە بەوە دەکات ئاوارەکان لە هەر جێگایەک بێن، روو لە دەڤەری مەخموور دەکەن بەو پێیەی سنووری هەرێمی کوردستان بە جێگایەکی ئەمن و ئاسایش دەزانن.
جێگری بەرپرسی میحوەری مەخموور لیوا زریان شێخ وەسانی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو خەڵکانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی داعش رادەکەن، زۆربەیان خەڵکی مووسڵ و گەیارە و شەرگات و حاجی عەلی و ئەو ناوچانەن و خۆیان دەگەیەننە دەست هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری میحوەری مەخموور، ئێمەش لێرە مامەڵەیەکی ئینسانییان لەگەڵ دەکەین و رەوانەی کامپەکانییان دەکەین".
ئەو بەرپرسەی میحوەری مەخموور ئاماژە بە رادەی ئاوارەکان دەکات لەماوەی یەک هەفتەی رابردوودا و لەمبارەیەوە گوتی: "ماوەی هەفتەیەک دەبێت زیاتر لە 2 هەزار و 200 کەس لە ژێر دەسەڵاتی داعش رایانکردووە و خۆیان گەیاندووەتە دەست هێزەکانی پێشمەرگە و ئەوان هەرێمی کوردستان بە جێگایەکی ئەمن و ئاسایش دەزانن و لێرە هەست بە ئاسوودەیی دەکەن".
سەبارەت بە رێکارەکانی ئەمنی لە کاتی گەیشتنی ئاوارەکان و ئامادەکارییەکان بۆ گواستنەوەیان، لیوا زریان شێخ وەسانی گوتی: "کاتێک نزیکی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە دەبنەوە، لە دوورەوە پێیان دەڵێین کە هەر کەلوپەلێکی لەگەڵ خۆیان هێناویانە ئەوا لە دوورەوە دایبنێن لەگەڵ جلوبەرگەکانییان، دوای ئەوەی کە دەگەنە لای هێزەکانی پێشمەرگەش دوای پشکنین زۆر رێزیان دەگرین و خواردنییان پێ دەدەین، هەتا شیری منداڵانیشییان پێ دەدەین و لە رێگای ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بۆیان ئامادەکراوە رەوانەی کامپەکانییان دەکەین لەوێش لە دەزگای خێرخوازی بارزانی هاوکاری رۆژانەیان دەکات".
هەموو ئەوانەی لە چنگی داعش رزگاریان دەبێت، چیرۆکێکی تراژیدیایان هەیە و ژیانی خۆیان خستووەتە مەترسی تاوەکو گەیشتوونەتە دەرەوەی سنووری داعش، یەکێک لەو چیرۆکانەش، مانەوەی ژنێک و چوار منداڵەکەیەتی لە نێوان گرووپە تیرۆریستییەکانی داعش و هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ماوەی دوو رۆژ و دواتریش رزگارکردنییان لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە.
ئەگەرچی هێزەکانی پێشمەرگە بەبێ ئاگادارکردنەوەی هێزەکانی ئاسمانی هاوپەیمانان ناتوانن لە شوێنی خۆیان زیاتر بەرەوپێش برۆن و لەهەر حاڵەتێکدا دەبێت هێزەکانی ئاسمانی ئاگادار بکەنەوە، بەڵام لیوا زریان شێخ وەسانی ئاماژە بەوە دەکات کە بەبێ ئاگادارکردنەوەی هێزەکانی ئاسمانی بەرەو رووی داعش رۆیشتوون بۆ رزگارکردنی ژنێک و چوار منداڵەکەی چونکە پێی وایە هەتا هەماهەنگییان لەگەڵ هێزەکانی ئاسمانی دەکرد ئەوا ئەو خێزانە زیاتر لە مەرگ نزیک دەبوونەوە هەر بۆیەش ژیانی خۆیان خستووەتە مەترسی بۆ ئەوەی ژیانی ئەوان رزگار بکەن.
سەبارەت بەم چیرۆکە لیوا زریان شێخ وەسانی گوتی: "دوای ئەوەی نزیکەی 150 کەس لە بەرزاییەکانی گڕاو خۆیان گەیاندە هێزەکانی پێشمەرگە لە دەڤەری مەخموور، دواتر ئێمە لێکۆڵینەوەمان لەگەڵیان کرد، کاتێک پرسیارمان دەکرد ئێوە چەند کەسن و چۆن هاتوون، گوتیان جگە لە ئێمەش، ئافرەتیک لە رێگا بەجێماوە کە چوار منداڵی لەگەڵە و مندالەکانیش تەمەنییان زۆر بچووکە، بۆیە ئێمەش وەکو ئەرکێکی ئینسانی، دەمانزانی ئەگەر بەهانایانەوە نەچین ئەوا گیان لەدەست دەدەن، بۆیە لەگەڵ هێزی 2 قسەم کرد و چووین بۆ بەرزاییەکانی گڕاو، لەوێش ئەو رێگایانەمان دەستنیشان کرد کە ئاوارەکان پێیدا هاتبوون، بۆیە بەبێ ئاگاداری هێزەکانی هاوپەیمانان بەرەو پێشەوەچووین، چونکە هەر کاتێک ئێمە لە سنووری خۆمان بچینە پێش دەبێت ئاگاداری فڕۆکەکانی هاوپەیمانان بکەین بەڵام هەتا ئەو هەماهەنگییەمان دەکرد کاتێکی زۆری دەیوست و ئەو ژنە و منداڵەکانی گیانییان لەدەست دەدا، بۆیە لەگەڵ کۆمەڵێک پێشمەرگە دەستمان کرد بە پشکنینی ئەو ناوچەیە کە نزیکەی 3 کیلۆمەتر لە گرووپەکانی تیرۆریستی داعش دوور بووین، دوای ماندووبوونێکی زۆر ئافرەتەکە و منداڵەکانمان دۆزیەوە کە هیچیان توانای قسەکردنییان نەمابوو چونکە 2 رۆژ بوو لەوێ مابوونەوە و هیچ شتێکیان نەخواردبوو، بۆیە کاتێک دۆزیمانەوە، منداڵە دوو ساڵییەکەی لەسەر سنگی دایکی بورابووەوە و ئافرەتەکەش لەسەر پشت کەوتبوو، منداڵەکانی دیکەش لە چوار دەوری دایکیان کەوتبوونە سەر زەوی خەریک بوون گیانییان لەدەست دەدا، هەر بەپەلە پێشمەرگەکانمان لە کۆڵەپشتەیان کردن و گەیاندیانە بارەگاکانی هێزی پێشمەرگە و لەوێش دوای پێدانی ئاو و فریاکەوتنە سەرەتاییەکان، بە هۆش خۆیان هاتنەوە و دواتر رەوانەی کامپەکانی دیبەگەمان کردن و لەوێش چارەسەری پێویست و هاوکارییان وەرگرت".
فەرماندە لیوا زریان شێخ وەسانی گوتیشی: "ئێستا ئێرە دوا خاڵی هێزەکانی پێشمەرگەیە و هێزەکمان ئامادەکردووە وەرگرتنی ئاوارەکان و پێدانی هاوکارییە سەرەتاییەکان و گواستنەوەیان بۆ کامپەکانی دیبەگە".
هەموو ئەو ئاوارانەی کە خۆیان دەگەیەننە دەست هێزەکانی پێشمەرگە، مامەڵەیەکی ئینسانییان لەگەڵ دەکرێت و بەشێکیشیان لەو چوارچێوەیەدا باسی تاوانەکانی داعش دەکەن و جێگری بەرپرسی میحوەری مەخموور ئاماژە بەوە دەکات کە هەندێک لەو ئاوارانە تاوانەکان بە جۆرێک دەگێڕنەوە کە ناتوانرێت باس بکرێت و لە درێژەی قسەکانیدا لیوا زریان شێخ وەسانی گوتی: "ئەوانەی رزگار دەبن دەڵێن گەورەترین زوڵم لە ژێر دەسەڵاتی داعش دا هەبووە و هەندێکیان باسی ئەوە دەکەن کە چ جۆرە زوڵمێکیان کردووە کە ناتوانین لە راگەیاندنەکان باسی بکەین، بەتایبەتی ئەو تەعەدایانەی کە لە ئافرەتەکانییان کردووە کە ئەو پەڕی رووی قێزەوەنی داعش دەردەخات و هیچ ئایین و ئایدۆلۆژیایەک قبوڵی ناکات".
قەزای مەخموور بە دووری ٥٦ کیلۆمەتر دەکەوێتە خۆرئاوای پارێزگای هەولێر و لەلای رۆژهەڵاتیشی بە دووری ٥٥ کیلۆمەتر ناحیەی سەرگەڕان هەیە کە هاوسنوورە لەگەڵ پارێزگاکانی مووسڵ و کەرکوک و تکریت، خەڵکی ئەم قەزایە چاوەڕوانی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و گەڕانەوەیان بۆ سەر زێدی خۆیانن، لە ڕووی نەتەوەییەوە بە شێویەکی سەرەکی دانیشتووەکانی کوردن بەڵام بە هۆکاری سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە چەند گوندێکی عەرەب لە ناوچەکە دروست بوون بە تایبەتی لە هەردوو شارەدێی قەراج و گوێڕ.
لە ئێوارەی ٦/٨/٢٠١٤ ئەم قەزایە لەلایەن چەکدارانی داعش داگیرکرا و دوای سێ رۆژ لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە کۆنترۆڵ کرایەوە و دوای ئەوەش هێزێکی زۆری پێشمەرگە لەم میحوەرە نیشتەجێ بوون و لە ئێستادا بە ناوچەیەکی شەڕ هەژمار دەکرێت.