زیاتر لە دوو ساڵ دەبێت کە شاری مووسڵ، دووەم گەورەترین شاری عێراق لەلایەن تیرۆریستانی داعش دەستی بەسەردا گیراوە، هەر لەو کاتەوە زیاتر لە نیو ملیۆن کەس ئاوارە بوون لە شاری مووسڵ و دەورووبەری کە بەشێکی زۆر لەو ئاوارانە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەردەوامی بەرزبوونەوەی ئاستی ناسەقامگیری ئاسایش لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش، بووەتە هۆی بەردەوامی پڕۆسەی ئاوارەبوون و هاووڵاتییانی ئەو ناوچانەش هەرێمی کوردستان بە ئارامترین شوێن دەزانن.
پڕۆسەی ئاوارەبوون بە چەند قۆناغێکدا تێدەپەڕێت کە یەکەمیان خاڵی هاتنە ژوورەوەی ئاوارەکانە بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەیش کۆمەڵێک رێنمایی دانراوە و بەهۆی ئەوەی کە هێڵەکانی پێشەوە جێگای مەترسین و هێزەکانی پێشمەرگە پشکنینی تەواو بۆ ئاوارەکان دەکەن و دواتر دەیانگوازنەوە بۆ ناوەندەکانی پێشوازیکردن.
ناوەندەکانی پێشوازیکردن یەکەمین خاڵی کۆکردنەوە و شوێنی پشوودان دەبێت بۆ ئاوارەکان، گەورەترین ناوەندی پێشوازیکردنیش کەمپی دیبەگەیە کە لە 19.10.2015 لەلایەن مانگی سووری ئیماراتی درووستکراوە و بەڕێوەبەری ئەو کەمپەش ئاماژە بەوە دەکات کە پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی مووسڵ ژمارەیەک ئاوارە بە شێوەیەکی هەمیشەیی لەو کەمپەدا دەژیان.
بەڕێوەبەری کەمپی ئاوارەکان لە دیبەگە، رزگار عوبێد لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کەمپی دیبەگە لە هەزار یەکەی نیشتەجێبوون پێکدێت کە لە بنەڕەتدا بۆ 5 هەزار کەس درووستکراوە، پێشووتر ئەو خێزانانەی کە ژمارەیان زۆربوو ئەوا دوو یەکەی نیشتەجێبوونییان پێ دەدرا، چونکە پێش دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی ئازادکردنەوەی مووسڵ نزیکەی 700 خێزان لێرە نیشتەجێ ببوون، بەڵام دوای دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە ئەوا ژمارەی ئاوارەکان ئێجگار زیادی کرد کە ئێستا زیاتر لە 14 هەزار ئاوارە لە کەمپەکانی دیبەگە نیشتەجێن".
لە شارەدێی دیبەگە دوو کەمپ هەیە، یەکێکیان بە کەمپی گەورە هەژمار دەکرێت کە جێگای نیشتەجێبوونی ئاوارەکانە و کەمپەکەی دیکەشیان ئەو جێگایەیە کە ئاوارەکان یەکەمینجار پێویستە بچنە ئەوێ تاوەکو کاری کارگێڕی و ئەمنی تەواو دەبێت و دواتر دەگوازرێنەوە بۆ کەمپە گەورەکە.
بەڕێوەبەری ئەو کەمپە ئاماژەش بەوە دەکات کە پێداویستی ئاوارەکان لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانییەوە دابین دەکرێت و لەمبارەیەوە زرگار عوبێد گوتی: "دەزگای خێرخوازی بارزانی پێداویستییەکانی رۆژانەیان بۆ دابین دەکات و رۆژانەش دووجار خواردن دەدات بەو ئاوارانەی کە لە کەمپە کاتییەکە نیشتەجێن و ئەوانیش دوای دابینکردنی جێگای نیشتەجێبوون بۆیان، ئەوا لە هەموو خزمەتگوزارییەکان بەشداردەبن".
زرگار عوبێد پێی وایە کە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو رێژە زۆرەی ئاوارەکان سەختە و ئەوان رەچاوی بارودۆخ و ژیان و تەندروستی ئاوارەکان دەکەن و گوتی: "بە دڵنیاییەوە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو شەپۆلە تۆزێک سەختە چونکە ئەو هاووڵاتییانە ماوەی دوو ساڵە لە ژێر دەسەڵاتی داعش ژیان بەسەردەبن و بەشێکیان تووشی تێکچوونی حاڵەتی سایکۆلۆجی بوون و لێرە بەشداری خول و هەندێک کاری دیکەیان دەکەین بۆ ئەوەی سەرقاڵ بن".
رزگار عوبێد گوتیشی: "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، پێشبینی دەکەین نزیکەی 25 هەزار کەسی دیکە ئاوارە بن کە بێگومان ئەوەیش لۆدێکی زۆر لەسەر ئێمە درووست دەکات".
دوای ئەوەی ئاوارەکان لە ناوەندەکانی پێشوازیکردن دەمێننەوە ئازادن دەکرێن کە بڕیار بدەن لەکوێ نیشتەجێ دەبن، لەمبارەیەوە رزگار عوبێد گوتی: "دوای ئەوەیش ئەو خەڵکە ئازادە هەر شارێک هەڵدەبژێرێت بۆ مانەوەی بەڵام دەبێت کەسێک کەفالەتیان بکات و دوای ئەوەش دەتوانن بچن لەوێ بژین".
هەندێک لەو ئاوارانە ماوەی سێ رۆژە کە گەیشتوونەتە ناوەندەکانی پێشوازیکردن لە کەمپەکانی دیبەگە و مەرگەساتی دوو ساڵەی ژێر دەسەڵاتی داعش دەگێڕنەوە، بەڵام بەشێکی زۆریان ئامادە نەبوون بەرەو زوومی کامێراکان قسە بکەن بەهۆی ئەوەی مەترسی لەسەر ژیانی خزم و کەسوکاریان دەبێت.
مەڕوان ئەحمەد عەبد یەکێک لەو ئاوارانەیە کە خەڵکی گوندی کەبەرۆکە و خاوەن خێزانێکی 3 کەسییە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من قوتابی بووم لە زانکۆی مووسڵ و جارێک سەردانی زانکۆکەم کرد بۆ ئەوەی بزانم پڕۆسەی خوێندن بەردەوامە یان نا، بەڵام دەوامی هیچ ناوەندێکی خوێندن نەبوو".
سەبارەت بە چۆنیەتی چوونییان بۆ مووسڵ و گەڕانەوەیان، مەڕوان ئەحمەد گوتی: "لە گوندەکەی ئێمە تاوەکو مووسڵ نزیکەی 70 کیلۆمەتر رێگا دەبێت، لەو رێگایەشدا 5 بازگە هەبوو کە هەموویان داوای ناسنامەیان دەکرد و دەیانپشکنین لەناوەوەی شاری مووسڵیش رێوشوێنی توندی ئەمنی هەبوو".
یەکێکی دیکە لەو ئاوارانە خەڵکی گوندی حاجی عەلییە، بەناوی حوسێن خەلەف عەمودی تەمەن 60 ساڵ، ئەویش ئاماژە بە کۆمەڵێک تاوانکاری دەکات کە تیرۆریستانی داعش بەرامبەر بە هاووڵاتییانی ناوچەکە ئەنجامیان داوە، ئەو هاووڵاتییە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "مامەڵەی داعش لەگەڵ ئێمە زۆر خراپ بوو بەتایبەتی لەسەر لەبەرکردنی جلوبەرگ و پێویست بوو پیاوەکان دشداشەیان کورت بێت و هەموو فەرزەکانیش هاتوچۆی مزگەوت بکەن، ئەو کەسەی فەرزێک نەچووبایە بۆ مزگەوت ئەوا سزاکەی 75 جەڵدە بوو، بۆ ئافرەتانیش بە هەمان شێوە کۆمەڵێک مەرج و سزای قورسییان دانابوو هەتا لە کاتی بەدیارکەوتنی پەنجەکانییان ئەوا سزاکەی بڕینەوەی هەر چوار پەنجەی دەستییان بوو".
ئەو هاووڵاتییە ئاوارەیە ئاماژە بەوەیش دەکات کە لەناو تیرۆریستاندا کۆمەڵێک خەڵکی دیکە دەبینرا و گوتی: " ئەندامانی داعش بریتین لە خەڵکی کۆمەڵێک وڵات لەوانە هیندی و شیشانی و یابانی و سووری و لوبنانی و میسڕی کە بۆخۆم ئەوانەم بینیووە".
یەکێک لە ئاوارەکان ئامادەنەبوو ناونیشانی خۆی ئاشکرا بکات و رێگای نەدا لەبەر زوومی کامێراکان قسە بکات بەهۆی ئەوەی کە دەرکەوتنی دەبێتە مەترسی بۆسەر گیانی کەسە نزیکەکانی کە ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی داعش ماونەتەوە ئاماژەی بۆ ئەوەیش کرد کە ماوەی دوو ساڵە بە نهێنی مۆبایلەکەی هەڵگرتووە و پەیوەندی لەگەڵ خزم و کەسەکانی هەبووە، چونکە وەک خۆی باسی دەکات لەئەگەری ئاشکرابوونی مۆبایلەکەم ئەوا سزاکەی سەربڕین بوو".
ئەو هاووڵاتییە گوتیشی: "بۆخۆم چەندین دیمەنی کوشتن و سزادانم بینی کە لەلایەن تیرۆریستانەوە ئەنجام دەدرا بۆ نموونە، ئافرەتێک دەستکێشی لەدەست نەبوو، پەنجەکانی رووت بوون، بۆیە سزایاندا بە بڕینەوەی هەر چوار پەنجەی دەستی راستی لەناوەڕاستی شەقامەکە و ئێمەش ناچار کرابووین کە دەبێت سەیری دیمەنەکان بکەین، هەروەها دوو دیمەنی سەرپەڕاندنیشم بەچاوی خۆم بینی، یەکێکیان بە تۆمەتی بردنە دەرەوەی زانیاری، گەنجێکی تەمەن سی ساڵەیان هێنا و لەناوەراستی شەقامەکەدا سەریان پەڕاند و یەکێکی دیکەیش بە تۆمەتێکی جیاواز بەم شێوازە سەریان پەڕاند".
جێگەی ئاماژەیە لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی لەناو شاری مووسڵ ماونەتەوە و بەپێی پلانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشبینی دوو رێگا دەکەن بۆ دەربازبوونی ئەو هاووڵاتییانەی کە لە کاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی نەینەوا ئاوارەدەبن کە ئەوانیش، رێگای راست و رێگای چەپە، رێگای راست ئەو هاووڵاتییانەی پێدا دەرباز دەبێت کە نیشتەجێی ناوچەکانی رەبیعە و مووسڵی نوێ و مەدینەی کۆن و ئەلغەزلانین ئەو رێگایە ئەو هاووڵاتییانە دەگەیەنێتە گوندی تەلموس سەربە شارەدێی زوممار.
رێگای دەستە چەپ بریتییە لە ناوچەکانی حەدبا و نێرگال و زهوور و سەلام کە ئەو رێگایە ئاوارەکان دەگەیەنێت بە قەزای مەخموور.
news_share_descriptionsubscription_contact

