Hejar Hekim
14 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 15 ئادار 2017
سۆران- AA
ڕاوکردنی ئاژەڵە کێوییەکان بووەتە دیاردەیەک و بەشێوەیەک کە کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی رێژەیان کردووە. لە قەزای سۆران کچە قوتابییەک ئاژەڵە کێوییەکان دەگرێت و کەوییان دەکات.
نیلوفەر بارزانی، کچێکی تەمەن ١٣ ساڵی خەڵکی دەڤەری بارزانە و دانیشتووی قەزای سۆرانە، ئەو ماوەی ٣ ساڵە ئاژەڵی بچووکی کێوی وەکو ژووشک، سمۆرە و کەروێشک لە گوندەکەی خۆیان دەگرێت و دەیانھێنێتە شار بۆ کەویی کردن و بەخێوکردنییان.
نیلوفەر بارزانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "دەمێکە خولیای کەویی کردنی ئاژەڵی کێویم. لە راستیدا کاتێک لە کۆتایی ھەفتە سەردانی گوندەکەمان دەکەم لە دەڤەری بارزان بەردەوام ئارەزووی ئەوە دەکەم ئاژەڵێک لەگەڵ خۆم بھێنمەوە بۆ سۆران".
نیلوفەر گوتیشی: "کولتووری دەڤەری بارزان بۆ پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکان ئەو هەستەی پێدام کە ئارەزوویەکی زۆرم بەرامبەر کەویی کردنی ئەم ئاژەڵانە ھەبێت، چونکە لە نێو زۆربەی ماڵاندا خولیایەکی تایبەت بۆ بەخێوکردنی سمۆرە، ژووشک، ماری ڕەش، کەو، بزنە کێوی ھەیە".
ئەو کچە قوتابیە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە ئەو لە ناو ماڵەکەیاندا چوار ژووشکی کەویی کردووە و وەک خۆی دەڵێت "ئەم ئاژەڵە کێوییە یەکێکە لە باشترین ئاژەڵە کێوییەکان".
ناوبراو سەبارەت بە ھۆکاری ھەڵبژاردنی ئەم ئاژەڵە بۆ ئانادۆڵۆ گوتی: "گیاندارێکی خشۆکە و ھیچ زیانێکی بۆ رەز و باخەکان نییە، بە پێچەوانەوە ئاژەڵێکی زۆر بەسوودە، چونکە ئەو شوێنەی کە ژیشکەکانی تێدا دەژین چەند گیانەوەرێک ناتوانن لەو شێونە بن و بەپلەی یەکەم دوژمنی مار و مێروولە و کرمە. ژووشکەکان خەوی زستانەیان درێژە و لە وەرزی سەرمادا لە ژێر زەوی ھێلانە دروست دەکەن تاوەکو ھاتنی وەرزی بەھار، بۆیە ئێستا کە بەرەو وەرزی بەھار دەچین ٢ لە ژیشکەکانم ھاتوونەتەوە نێو ماڵ و چاوەڕێی دوانەکەی دیکەش دەکەم.
نیلوفەر بارزانی زانیارییەکی تەواوی لەسەر ژیانی ئەم ئاژەڵە ھەیە و لەوبارەیەوە دەڵێت: "ژووشک گیانەوەرێکی خشۆکە ودرێژترین ماوەی تەمەنیان ١٨ ساڵە، ٤-٥ دانە ژمارەی ئەو بێچووانەیە کە بە یەک سک لە دایک دەبن و درێژترین ماوەی دوو گیانیی ئەو ئاژەڵە ٣٩-٥٨ رۆژە، کێشیشی ٤٠٠ تا ١٢٠٠ گرامە. ھەروەھا درێژی دڕکی ژیشکەکان ٢-٣ سانتیمەرە".
ژووشک لە ئاودا نقووم نابێت و گۆشتەکەی وەکو چارەسەری بۆ نەخۆشییەکانی پێست و مایەسیری و چەندین نەخۆی تر بەکاردەهێنرێت. ھەستی بۆنکردن و بینینی زۆر بەھێزە بە تایبەت لە کاتی شەواندا، بۆیەش کاتی ھاتنە دەرەوەیان تەنھا شەوانەیە و رەنگی شتەکانیش بە رەش و سپی دەبینن، ھەروەھا ژیشکە مێیەکان لە نێرینەکان بەھێزترن.
ھەروەھا چەند گیاندارێکیش دەخۆن لەوانە سیسرک، کرم، کوللـە، کرمۆکە، زەرۆ، مشکە بچووکەکان، مارمیلکە و تورلەمار ھەندێکجار جوجەڵەش دەخۆن.
نیلوفەر لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ ئانادۆڵو گوتی: "داوا دەکەم خەڵکی رێز لە ئاژەڵی کێوی بگرن بە تایبەت ژووشکەکەکان، چونکە من زۆر باش دەزانم کە چ سوودێکی بۆ ژینکەی وڵاتەکەمان ھەیە".