Heman Hussein Yaseen
16 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 17 ئەیلوول 2019
هەولێر - AA
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، ٦٠ ھەزار پەنجە ماسی خستە نێو ئاوی بەنداوی سماقولی-یەوە.
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بێگەرد تاڵەبانی رایگەیاند کە بەرھەمی ناوخۆیی ماسی سەدا ٤٠ی پێداویستی ناوخۆ دابین دەکات و سەدا ٦٠ی هاوردە دەکرێت و ئاشکرایشی دەکات کە لە چوارچێوەی پەرەپێدانی بەرهەمە خۆماڵییەکاندا، سەد هەزار پەنجە ماسی-یان بەسەر جووتیاراندا دابەشکردووە بۆ ئەوەی بتوانن رێژەی سامانی ماسی بەرزبێتەوە.
بێگەرد تاڵەبانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ، ٦٠ ھەزار پەنجە ماسی-مان خستە نێو ئاوی بەنداوی سماقولی-یەوە، ئەوەی کە مایەی خۆشحاڵییە، کارمەندەکانمان سەرەڕای بوونی قەیرانی بەردەوامیان لە پەرەپێدانی بەرھەمی ناوخۆیی رۆڵێکی کاریگەریان بینیووە".
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "بۆ ئەمساڵ ٦٠ ھەزار پەنجە ماسی-مان پەروەردە کردووە و ئەمڕۆ بۆ پەرەپێدانی بەروبوومی ناوخۆیی خستمانە نێو ئاوی بەنداوی سماقولی-یەوە، ئومێد دەکەین لە ساڵانی داھاتوودا بۆ بەنداوەکانی دیکە بەھەمان شێوە وەزارەتی کشتوکاڵ پەرە بەسامانی ناوخۆیی بدات".
لەبارەی رێژەی بەرهەمی ماسی لە هەرێمی کوردستان، بێگەرد تاڵەبانی گوتی: "سامانی ماسی یەکێکە لە بەرهەمە سەرەکیییەکان کە ساڵانە ھەشت ھەزار تۆن دەخرێتە ناو بازاڕەکانەوە کە دەکاتە رێژەی لەسەدا ٤٠ی خواستی ناوخۆیی کوردستان و لەسەدا ٦٠کەی دیکەیش هاوردە دەکرێت، بۆ زیاتر پەرەپێدان بە سامانی ماسی، بۆ ئەمساڵیش ١٠٠ هەزار پەنجە ماسی-مان داوەتە جووتیاران".
بێگەرد تاڵەبانی گوتیشی: "بەرهەمی ماسی یەکێکە لە سەرچاوە گرنگەکانی خۆراک لە ھەرێمی کوردستان کە لە ساڵانی رابردوودا کەمتر بەکارھاتووە، بەڵام لەئێستادا خواستی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان لە ئاست بەکارھێنانی سامانی ماسی خەریکە پەرەدەستێنێت و ھیوادارین لە ئاست خواستی ھاووڵاتییاندا بتوانین پەرە بەو سامانە بدەین، هیواشمان وایە کە ساڵانە لە وەرزی زاوزێدا لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان پارێزگاری لەو سامانە بکەین بۆ ئەوەی ببین بە خاوەن رێژەیەکی بەرچاو لە سامانی ماسی".
بەنداوی سماقولی (جەلی) دەکەوێتە رۆژھەڵاتی شاری ھەولێر و درێژییەکەی ٣٣٦ مەتر و پانییەکەی لەژێرەوە ١٤٠ مەترە و بەرزایی بەنداوەکە ٢٠ مەترە و توانای گلدانەوەی ٨،٦ ملیۆن مەترسێجا ئاوی ھەیە.