Heman Hussein Yaseen
19 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 22 تشرینی دووەم 2019
هەولێر - AA
بەبۆنەی رۆژی جیهانی بەبیرهێنانەوەی قوربانییانی هاتوچۆ، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر هەڵمەتێکی هۆشیاری سێ هەفتەیی راگەیاندووە کە تیایدا بە چەندین چالاکی جیاوازەوە هەڵمەتەکە بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر لەچوارچێوەی دەستپێکردنی هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان بە یاساکانی هاتوچۆ، رێوڕەسمێکی بۆ ژمارەیەک قوتابییانی قوتابخانەکانی هەولێر رێکخست.
لە رێوڕەسمەکەدا جگە لە پۆلیسی هاتوچۆ، مامۆستایانی ئایینی، پزیشکان و قوتابییانی قۆناغەکانی بنەڕەتی و ناوەندیش بەشدار بوون.
لە رێوڕەسمەکەدا، مامۆستای ئایینی دکتۆر سەید ئەحمەد بەرزنجی گوتی: "لە رووی شەرعییەوە هەر کەس پابەند بێت بە یاساکانەوە وا بزانێت نە نوێژی کردووە و حەجی کردووە، ئەو کەسەشی کە هەڵدەستێت بە ئازاردانی خەڵک بە هۆڕن لێدان و پشێوی دەنێتەوە، بە تایبەت ئەو ماتۆڕسکیلانەی کە هەمووانی بێزارکردووە، یان ئەوانەی دووکەڵ دەکەن بەسەر خەڵک و ئەوانەی ئۆتۆمبێل توند لێدەخوڕن ئەمە پێچەوانەی ئادابی ئیسلامە، بۆیە پێویستە هەموومان بەرەو پێشکەوتن و مەدەنییەت بڕۆین".
دکتۆر سەید ئەحمەد بەرزنجی گوتیشی: "پێویستە ئەو نموونە جوانەی لە وڵاتانی وەک سوێد و ئەڵمانیا وڵاتانی دیکە هەیە ئێمە ئەوانە رەچاو بکەین و لە شتە گەنیوەکان لاسایی خەڵک نەکەینەوە کە رووداوەکان بەشێکی پەیوەندی بە بێهۆشی و نێرگەلەکێشانەوە هەیە، پێویستە ئەو نەریتە رەسەنەی باپیرانمان رەچاو بکەین و گوێ لە مامۆستایان و راگەیاندنەکان بگرین و بە هەموومان رووبەڕووی ماددەی هۆشبەر ببینەوە".
گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر، موقەدەم فازڵ حاجی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەسەر ئاستی جیهان رووداوەکانی هاتوچۆ تیرۆری سپییە و هاوشێوەی نەخۆشییە درمەکان بەرۆکی مرۆڤی گرتووە، بۆیە ئێمەش هاوشێوەی جیهان لە مانگی ١١ و هەفتەی سێیەم داندراوە بەڵام بەرپرسانی حکوومەت داوایانکرد کە رێوڕەسمەکە دوابخەین بۆ ئەمڕۆ بۆ ئەوەی بتوانن ئامادەبن بەڵام بەداخەوە بەشێکی بەرپرسان ئێستاش ئامادە نەبوون".
فازڵ حاجی گوتیشی: "هەموو کەمپەینێک فشارێک دروست دەکات لەسەر لایەنی پەیوەندار بۆ ئەوەی کار لەسەر باشترکردنی رێگاوبانەکان بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا سەردانی قوتابییەکان دەکەن و وانەی تایبەت بە هۆشیارکردنەوەیان پێدەدەین و بێگومان ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر داهاتوو دەبێت".
بەپێی ئامارەکانی ھاتوچۆی ھەرێم، لە ساڵی ٢٠١٧دا ٦٩٠ کەس بە رووداوەکانی ھاتوچۆ گیانییان لەدەستداوە و، ھەزار برینداریش ھەیە و، لە ئێستاشدا بەگشتی ملیۆنێک و ٧١١ ھەزار و٥٥٨ ئۆتۆمبێل ھەیە کە تەنیا لەماوەی ٩ مانگی ئەمساڵدا، ١٢١ ھەزار و ٩٤٧ ئۆتۆمبێلی نوێ تۆمارکراون.
رۆژی ١٧/١١ی ھەموو ساڵێک بە رۆژی جیھانی بەبیرھێنانەوەی قوربانییانی رووداوەکانی ھاتوچۆ دەستنیشانکراوە.